ڕوانگە - ئەنجوومەنی سەربازیی هێزەکانی سووریای دیموکرات بڕیاری کاراکردنەوەی دیالۆگی کوردی - کوردیی لە ماوەی کەمی داهاتوو دا، دەشڵێت کاری رۆژانەیان لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەبارەی دەستگیرکراوانی داعش و چارەسەرکردنی دۆسیەی کەمپی هۆلە، هەروەها بڕیاری دا خزمەتی شەڕڤانانی خۆبەخش بۆ ساڵێک زیاد بکات.
ئەنجوومەنی سەربازیی هێزەکانی سووریای دیموکرات ناسراو بە هەسەدە، کۆبوونەوەی خولیی خۆی بە سەرۆکایەتی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی ئەو هێزانە و ئەندامانی سەرکردایەتیی گشتیی هێزەکە کرد.
ئەنجوومەنەکە رۆژی هەینی، 26-07-2024 راگەیێندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەکە بڵاوکردەوە: "باسی دۆخی سووریا بە گشتی، ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بەتایبەت کرا، جەخت ک لە گرتنەبەری سیاسەتێکی کردەیی و کراوە بەرامبەر بە هەمووان بۆ هەموو پرسەکان و ئامادەبوون بۆ هەر پێشهاتێک، کرایەوە."
ئەنجوومەنەکە داوای: "پەرەپێدانی دەستپێشخەریی چارەسەی لەچوارچێوەی سووریا" کردووەتەوە.
سەبارەت بە هێرشەکانی تورکیاش بۆ سەر ئەو ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، بەپێی راگەیێندراوەکە بەشداربووانی کۆبوونەوەکە، کارکردن و هەوڵە بەردەوامەکانیان لەگەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ راگرتنی ئەو هێرشانە، دووپاتکردووەتەوە.
کۆبوونەوە کاری هاوبەشی هێزەکانی سووریای دیموکرات و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی شەڕی دژ بە داعشی بەرز نرخاندووە، بۆ گیراوانی داعش و چارەسەرکردنی کێشەی کەمپی هۆل دەڵێت: "ئەنجامی باش بەدەستهاتوون."
کۆبوونەوەکە بڕیاری لێخۆشبوونی گشتیی بۆ ئەو کەسانە دەرکرد کە لە خزمەتی سەربازی هەڵاتوون، جگە لە یەکلاییکردنەوەی دۆخی ئەو کەسانەی دواکەوتوون یان گوێزراونەتەوە و لێژنەیەک بۆ ئەو مەبەستەش دروستدەکرێت.
یەکێکی دیکە لە بڕیارەکانی کۆبوونەوە زیادکردنی ماوەی گرێبەستی پەیوەندیکردنە بە هێزە سەربازییەکان لە دوو ساڵەوە بۆ سێ ساڵ، جگە لە زیادکردنی خولی سەربازی و تایبەتمەند بەتایبەت بۆ سەربازە نوێیەکان.
لە کۆبوونەوەکەدا باسی زیادبوونی هێرشەکانی داعش کراوە، جگە لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو هێزانەی تورکیا پشتیوانییان دەکات لە منبج و زەرکانەوە.
سەبارەت بە دیالۆگی کوردی - کوردی، واتە دیالۆگی نێوان ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) و پارتەکانی یەکێتی نیشتمانی کورد (پەیەنەکە)، لە کۆبوونەوەکە بڕیاری کارکردنەوەی دیالۆگەکە درا.
- كوردستان
- 78
July 26, 2024