ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ، بە بەشداری ژمارەیەکی زۆر لە ڕێکخراوەکانی تایبەت بە ژینگە، لە شاری هەولێر هەڵدەسێت بە ئەنجامدانی ئیڤێنتێک تایبەت بە گۆڕانی کەش و هەوا،

مەعروف مەجید، سەرۆکی ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە،بۆ ڕوانگە، ڕایگەیاند:" چالاکییەکە ئێوارە ئەمڕۆ دووشەممە ڕێکەوتی 2024/7/29 لەشاری هەولێر  بەڕێوەدەچێت و هەموو ئەو ڕێکخراوانەی کە لەسەر ئاستی هەرێم چالاکن و تایبەتن بە ژینگە بانگهێشتکراون.

وتیشی:" هەموو ڕێکخراوەکان شوێنی تایبەتیان پێدراوە بۆئەوەی هەر ڕێکخراوێک و لە بوارەکەی خۆیدا نمایشی کارەکانیان بکەن و ئێمەش وەک ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە، حەوت کتێبمان چاپکردووە و هەروەها گۆڤارێکی تایبەت بەژینگەمان هەیە و لەوێ نمایشیان دەکەین.

 سەرۆکی ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە، ئەوەشی خستەڕوو:" بۆ یەکەمین جاریشە لە بواری ژینگەدا بابەتێک نمایشدەکەین کە تایبەتە بە کەلوپەلی سەفەری دۆستی ژینگە، کە بەناوی ئامیلۆنە، کە کارگەیەکە  کە بەرهەمەکانیان بەتەواوی سروشتییە و ئێمە دەمانەوێت خەڵک هانبدەین کە لەجیاتی ماددە پلاستیکیەکان ئەو کەلوپەلە بەکاربێنن کە دۆستی ژینگەن کە لە نیشاستەی گەنمەشامی دروستکراون.

مەعروف مەجید، سەرۆکی ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە، ئاشکرایشی کرد:" جگە لە بابەتە ژینگەیەکان چەندین چالاکی جۆراوجۆری وەرزشی دیکەی تێدا ئەنجام دەدرێت.