ڕوانگە - 10 ساڵ تێپەڕی و هێشتا، چارەنووسی زیاتر لە دوو هەزار و 600 کوردی ئێزدیی کە کەوتنە دەست چەکدارانی رێکخراوی داعش تا ئەمڕۆش بێ سۆراغ ماوەتەوە.
3.8.2014، قەزای شەنگال، کۆچۆ و گوندەکانی دیکە کە کوردانی ئێزدیی تێیدا نیشتەجێن، بە هێرش و داگیرکاری “چەکدارانی رێکخراوی داعش”، رووبەڕووی هێرش بوونەوە و رۆژێکی پڕ مەترسیی و ئاوارەبوونیان بەڕێکرد.
کوردانی ئێزدیی رۆژی یەکەم، ئەوانەی توانیبوویان خۆیان رزگار بکەن چیای شەنگال پەناگەی یەکەمیان بوو، بەشێکی دیکەیان خۆیان گەیاندبووە رۆژئاوای کوردستان، ئەوانەشی لەسەر چیاکە مابوونەوە، دوای کرانەوەی دەرچەی رزگاربوون هێنرانە شار و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان.
دۆخەکە بەوەوە نەوەستا، بەشێک لە کوردانی ئێزدی نیشەجێی ناو ماڵ و کەمپەکان کران لە دهۆک، هەولێر و سلێمانی، بەڵام بەدەر نەبوو لەوەی زیاتر لە 100 هەزار کەسییان ئاوارەی وڵاتانی ئەوروپا و رۆژئاوا بوون.
سەرجەم ئەو کەسانەی ئاوارە بوون زیاتر لە 325 هەزار کوردی ئێزدیی بوو، بەپێی ئاماری نوسینگەی رزگارکردنی کوردانی ئێزدیی کە سەر بە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانە، “بەهۆی هێرشەکەی داعشەوە، 135 هەزار و 860 کوردی ئێزدی ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، هەروەها 189 هەزار و 337 کەسیش ئاوارەی ناوچە دابڕاوەکانی باشووری کوردستان بوون”.
هەر بەپێی ئامارەکە، نوسینگەی رزگارکردنی کوردانی رفێندراوانی کوردانی ئێزدیی، “شەش ھەزار و 417 کوردی ئێزدیی لەلایەن چەکداراننی داعشەوە رفێندراون کە لەو ژمارەیە تا ئێستا، سێ ھەزار و 458 کەسیان رزگارکراون و زیاتر لە دوو ھەزار و 600 رفێندراوی دیکەیش ھێشتا بێ سەروشوێنن و چارەنووسیان نادیارە”.
بەهۆی هێرشەکەی داعشەوە بۆ سەر شەنگال، زیاتر لە پێنج هەزار کوردی ئێزدی کوژراون و نزیکەی دوو هەزار و 745 منداڵ بێ دایک و باوک بوون، دوای هێرشەکانیش تاوەکو ئێستا زیاتر لە 85 گۆڕی بەکۆمەڵ و چەندین گۆڕی تاکە کەسیی ئێزدییەکان لە شەنگال و دەورووبەری دۆزراونەتەوە.