ڕوانگە - ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە، چوارکەس هێرش دەکەنە سەر هاوڵاتییەکی دانیشتوی قەزای دەربەندیخان بەناوی ئالان یاسین، ئالان خاوەن پێداویستی تایبەتە و ماوەی دوو هەفتەیە ژیانی هاوسەرگیری پێکهێناوە.
نەژاد مەحمود، خاڵی ئالان یاسین، بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند:" ئالان خاوەن پێداویستی تایبەتە و لەلایەن چوار تۆمەتبارەوە پاش ئەوەی گاڵتە و سوکایەتی زۆریان پێکردووە و دواتر هێرشیان کردۆتەسەری.
وتیشی:" ئەم کوڕە بێ باوکە تا ئێستا چەند جارێکی دیکەش ڕێگەی لێگیراوە و گاڵتەیان پێکردووە و بۆیە بەهیچ جۆرێک لەو تۆمەتبارانە خۆشنابین.
خاڵی ئالان یاسین، ڕونیشیکردەوە:" پاش ئەوەی ئالان لەگەڵ دایکیدا لە بنکەی پۆلیس سکاڵایان تۆمارکردووە، دادوەر بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ تۆمەتبارەکان دەرکردووە و لە ئێستادا دوو لەو تۆمەتبارانە دەستگیرکراون.
نەژاد مەحمود، خاڵی ئالان یاسین، باسی لەوەشکرد:" لە کوردستاندا لەبری ئەوەی ڕێز لە کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت بگیرێت بەداخەوە سوکایەتیان پێدەکرێت.