ڕوانگە - سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید پێشوازیکرد لە بەڕێز عەدنان ئەلجحێشی سەرۆکی لیژنەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران.
لەمیانی دیدارەکەدا، کە ئەمڕۆ دووشەممە 19-8-2024 لەکۆشکی بەغداد بەڕێوەچو، سەرۆك کۆمار پشتیوانیی سەرۆکایەتی کۆماری بۆ هەموو ئەو هەنگاو و چارەسەرانە دوپاتکردەوە، کە بۆ گەیشتن بەکۆمەڵگەیەکی تەندروست و دور لەم پەتایە دەگیرێنەبەر ئەویش لەڕێگەی بەرەنگاربونەوەی لەڕووی ئاسایش و دورخستنەوەی بەکارهێنەران و ئالودەبوان لە مادەکە و دوبارە گەڕاندنەوەیان بۆ کۆمەڵگە و دەرکردنی یاسا. لەمڕوەشەوە ئاماژەی بەپێویستی زیادکردنی هاوئاهەنگی و هاریکاری ناوچەیی و نێودەوڵەتی کرد بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی سنورەکان و رێگریکردن لە گواستنەوەی و هەڵوەشاندنەوەی تۆڕەکانی بازرگانیکردن بە ماددەکەوە.
لەلای خۆیەوە، بەڕێز عەدنان ئەلجحێشی هەوڵ و کۆششەکانی لیژنەی بەرەنگاربونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ رێگەگرتن لەبڵاوبونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و هەروەها پلانەکانی داهاتوو بۆ زیادکردنی ئەو هەوڵانە خستەڕو، هاوکات پشتیوانی و پاڵپشتییەکانی بەڕێز سەرۆك کۆماری بۆ بەرەنگاربونەوەی دیاردەی ماددە هۆشبەرەکان بەرزنرخاند.