ڕوانگە - ئەندامێکى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق رایگەیاند، رەخنەکانی بەغدا لە لیستی مووچەخۆرانی هەرێم ڕاستە، بەڵام بیانوەکانی هەرێم ڕاست نیین و کێشەی مووچە بەو جۆرەى هەرێم دەیەوێت چارەسەر نابێت.

سۆران عومەر ئەندامى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بە دددەنگى ئەمریکاى راگەیاندووە، بیانوەکانی هەرێم ڕاست نیین، چونکە بە نمونە بەبێ بایۆمەتری موچەی کەس نادرێت لە هەرێم، بەڵام کاتێک دەزانن بەغدا جدییە بە دەنگ دێن، بەغدا قبوڵی ناکات، وردەکاری و خەکێشەکانى بۆ دیاری کردون.

دەشڵێت، رەخنەکانی بەغدا لە لیستی مووچەخۆرانی هەرێم ڕاستە، بەڵام وەزارەتی دارایی دەیەوێت بیانوی بۆ بهێنێتەوە، کێشەی مووچەش بەم شێوەیە چارەسەر نابێت، چونکە کەم و کوڕیەکان زۆر لەوە گەورەترن کە وەزارەتی دارایی هەرێم بە چەند خاڵێک ئاماژەیان پێ دەکات.

دوێنێ چوارشەممە 21-8-2024، وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێم لەبارەی دواکەوتنی مووچەی مانگی تەمموزەوە راگەیاندراوێکی پێنج خاڵى بڵاوکردەوە و  تیایدا هاتووە، حکومەتی عێراق تەنها 0.014%ی پارەی مووچەی مانگی تەمموزی ناردووە و ئەویش تەنها یەک ملیارو 426 ملیۆنە بۆ تەمویلی مووچەی دیوانی چاودێریی دارایی و دەستەی دەستپاکی و دەستەی ژینگەیە بەبێ ئەوەى هیچ ئاماژەیەک بە مووچەى هێزە ئەمنییەکان بکات.

بە پێى زانیارییەکانى ئیرادەش دوای 31 ڕۆژ لە ناردنی لیستی مووچە بۆ بەغدا، وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم  جارێکی دیکە گۆڕانکاری لە لیستی مووچەی مانگی(تەمموز/ حەوت)دا دەکات و  ڕەوانەی بەغدای دەکاتەوە.

وەزارەتی دارایی عێراق داوای لە وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم کردووە پێداچوونەوە بە لیستی مووچەی مانگی تەمموزدا بکەن و دووبارە بۆیان بنێرنەوە بۆیە وەزارەتی دارایی هەرێمیش  بۆ جێبەچێکردنی داواکەی بەغدا سەرجەم وەزارەتەکانی ئاگادارکردووەتەوە، پێداچوونەوە بە لیستی مووچەی مانگی تەمموزی مووچەخۆرانیان بکەن ولەکەمترین ماوەدا بۆیان بنێرنەوە.