ڕوانگە - سەرەڕای هەموو ئەو هێرش و پەلامارانەی کە سوپای تورکیا، دەیکاتەسەر خەڵک و خاکی هەرێمی کوردستان، کەچی حکومەتی هەرێم بێدەنگی بەرامبەر ئەو پێشێلکاریانە هەڵبژاردووە و ئەمەش نیگەرانی لە لای خەڵک و ڕۆژنامەنووسان بەتایبەتی دروستکردووە و ڕۆژنامەنووسان، پێیان وایە: دووبارەبونەوەی پەلامارەکانی تورکیا، دەرخەری ئەوڕاستیەیە کە عێراق و هەرێمی کوردستان، سەروەری خۆیان لەدەستداوە و لایەنێکیش نییە بتوانێت بەزاندنی ئەم سەروەریانە ڕابگرێت، بۆیە تاکە ڕێگاچارە ئەوەیە ئەم کەیسانە بگاتە نەتەوەیەکگرتووەکان و بۆئەوەی چیدیکە سنورێک بۆ ئەو تاوانکاریانەی تورکیا دابنرێت.
کاروان ئەنوەر، سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند:"
لە کوردستاندا گرفتێک هەیە دەکرێت ئەویش ئەوەیە هەندێکجار بەرامبەر بە هەندێک پرس بێدەنگیەک دەبینینن و وەک پێویست قسەی لەبارەوە ناکرێت، ئەگینا ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی کە بۆردومانی ئەم ناوچانە دەکەن ئەوە بۆخۆی پێشێلکارییەکی نێودەوڵەتییە و پێشێلکردنی یاساکانی مافی مرۆڤ و پێشێلکردنی سەروەری وڵاتانە.
وتیشی:" ئەو تاوانەی کە بەرامبەر بەو دوو ڕۆژنامەنوسە ئەنجامدرا، پێشێلکارییەکی گەورەیە و ڕۆژنامەنوس پارێزبەندی خۆی هەیە و تەنانەت لەناو شەڕ و جەنگەکانیشدا دەبێت جل و بەرگی تایبەتی لەبەردابێت، بۆئەوەی کەس ڕووی تفەنگی تێنەکات، بەڵام ئەوەی کە ڕویدا کارەساتێکی زۆر ناخۆشبوو، بەڵام دڵنیاین کە ئەم ڕوداوانە هەروا تێناپەڕێت و بینیمان ڕاپۆرتێکی واشنتۆن پۆست بڵاوکراوەتەوە کە تیایدا بۆیەکەمینجارە ئەمەریکا دان بەوەدا دەنێت کە درۆنەکان درۆنی تورکین.
کاروان ئەنوەر، سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، ڕونیشیکردەوە:" دوای شەهیدبونی ئەو دوو ڕۆژنامەنوسە،پێمانوایە ئەم بابەتە دەبێت بە پرسێکی نێودەوڵەتی و بابەتەکە لە لایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە قوڵتر و وردتر لەجاران باسدەکرێت و ئێمەش هیواخوازین ببێت بە دەسپێکێک بۆ بنەبڕکردنی ئەو ڕوداوانە.
لای خۆشیەوە گەرمیان حەمەی پور، ڕۆژنامەنووس، باسی لەوەکرد:" ئەوە لە هەینی ڕابردوودا ڕوویدا کۆمەڵێک تاوانە کە لە لایەن تورکیاوە، لە چوارچێوەی یەک ڕووداودا، تاوانێکە دژ بە پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراق، کە ئەمە تاوانێکی نێودەوڵەتییە،تورکیا ئەنجامیداوە، وە تاوانێکە دژ بە مافەکانی مرۆڤە کە لەناو خاکی وڵاتێکی دیکەدا کە دوو ژن دەکرێتە ئامانج، کە دوو مرۆڤی بێ چەکەن کە ئەمە دژ بە ئازادی کاری ڕۆژنامەنووسییە.
وتیشی:" ئەگەر بیانوی بۆ شەهیدکردنی ئەو دوو ڕۆژنامەنوسە ئەوەبێت کە دەزگاکەیان سەربەلایەنێکی سیاسین ئەوا ئەمەش تاوانێکی دیکەیە و تاوانێکە دژ بە ئازادی کاری سیاسییە لە لایەن تورکیاوە بەرامبەر بەو دوو ڕۆژنامەنوسە، چونکە ئەم دوو ڕۆژنامەنوسە کەسانی ناسراون و لەناو دەزگایەکدا کاردەکەن کە لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە مۆڵەتی کارپێکردنیان پێدراوە و کارەکانیان نایاسایی نییە و نەبونەتە مەترسی لەسەر تورکیا، تاوەکو ڕێگە بەخۆی بدات بەوجۆرە تیرۆریان بکات، کە ئەمە پێمان دەڵێت: ئەم ڕووداوە کۆمەڵێک تاوانە دژ بە پێشێلکردنی سەروەری خاکی وڵاتێک و تاوانێکی نێودەوڵەتییە و پێشێلکردنی جاڕنامەی گەردونی مافەکانی مرۆڤ وپێشێلکردنی کاری ڕۆژنامەنوسی وئازادی کاری سیاسییە.
گەرمیان حەمەی پور،باسی لەوەشکرد:" چاوەڕێ دەکرێت ئەم ڕووداوانە دوبارەببنەوە، چونکە بەرپرسانی حکومەتی هەرێم نەک هەر هەڵوێستیان نییە، بەڵکو بەشێکیان تاڕادەیەک چاوساغ و یارمەتی دەری توکیان بۆ ئەنجامدانی ئەم تاوانانە، وە حکومەتی عێراقیش لاواز و بێدەنگە لەکاتێکدا دەتوانێت، لە نەتەوەیەکگرتووەکان داوای کۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش بکات و بەپێی یاسا بەرکارەکان ڕێگربێت لە دووبارەبونەوەی ئەم تاوانانە،،تەنانەت بەپێی یاسا دەتوانێت دەوڵەتی تورکیا ناچاربکات بە قەرەبوکردنەوەی زیان لێکەوتووان و ناچاری بکات کە جارێکی دیکە نەتوانێت تاوانێکی لەم جۆرە ئەنجام بدات، بەڵام بەداخەوە تورکیا و عێراق، ڕێکەوتنی ئەمنی لەنێوانیاندا هەیە بۆیە بێدەنگیان هەڵبژاردووە و دیارە بێدەنگیەکەی ئەوانیش پەیوەستە بە لاوازی و بێدەنگی حکومەتی هەرێمەوە.
لە بەرامبەریشدا، شاهۆ ئیبراهیم، ڕۆژنامەنوس، ئاماژەی بەوەکرد:" لە دونیادا ڕۆژنامەنوسان پارێزبەندییان هەیە و لەهەموو بارودۆخەکاندا دەبێت ژیانیان پارێزراوبێت.
وتیشی:" ڕووداوی هێرشکردنە سەر ئەو دوو ژنە ڕۆژنامەنوسە بەهەموو شێوەیەک دژی یاسا نێودەوڵەتییەکانە، چونکە ڕۆژنامەنوسان کەسانی بێچەکن و تەنها لەڕێگەی نوسینەوە ڕاستی ڕووداوەکان دەخەنەڕوو، بۆیە نابێت لە ململانێ سیاسییەکاندا بەهیچ جۆرێک هێرش بکرێتە سەریان و بکرێنە ئامانج.
شاهۆ ئیبراهیم ڕونیشیکردەوە:" ئەمە ئەرکی حکومەتی عێراقییە وە هەروها ئەرکی کۆمەڵگای نێودەوڵەتییە بۆئەوەی سنورێک دابنێن بۆ ئەم دەستدرێژیانە، چونکە ئەوە دەبینین دەستدرێژیەکانی تورکیا گەیشتون بەو ڕادەیەی کە ڕۆژنامەنووسان تیرۆر بکرێن، کە ئەمە دەرخەری ئەوڕاستیەیە کە عێراق سەروەری خۆی لەدەستداوە و لایەنێکیش نییە بتوانێت بەزاندنی ئەم سەروەریانە ڕابگرێت، بۆیە تاکە ڕێگاچارە ئەوەیە ئەم کەیسانە بگاتە نەتەوەیەکگرتووەکان و بۆئەوەی چیدیکە سنورێک بۆ ئەو تاوانکاریانەی تورکیا دابنرێت.