ڕوانگە - هاوڵاتیان لە مەترسی مەلەکردن لە هەردوو بەنداوی دەربەندیخان و دێوانە ئاگاداردەکرێنەوە.

لە چوارچێوەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی و هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان لە مەترسی خنکا، لیژنەی کاری هەرەوەزی لەقەزای دەربەندیخان و کۆمەڵەی هەرەوەزی لە سلێمانی، هەستاون بەدانانی تابلۆی ڕێنمای لەو شوێنانەی کە لە هەردوو بەنداوی دەربەندیخان و دێوانە و گۆمی سابیر لە ناوچەکە، مەترسین بۆسەر گیانی هاوڵاتیان.

هاوکار قادر، ئەندامی لیژنەی کاری هەرەوەزی لە قەزایی دەربەندیخان، بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند:" ئێمە وەک و لیژنەی کاری هەرەوەزی لە قەزایی دەرەندیخان و هاوڕێیانمان لە سلێمانی، هەستاوین بەئەنجامدانی چالاکییەکی گرنگ، کە دیارە چالاکییەکەی ئێمە چالاکییەکی  و پێکەوەییە و کار لەسەر ئەو بابەتانە دەکەین کە دەتوانین بەئاسانترین شێوە و بەهەندێک خۆبەخشی ساددە ئەنجامی بدەین، لەکاتێکدا بەو چالاکییە ساددە دەتوانین مەترسییەکی گەورە لەسەر ژیانی مرۆڤ لابدەین.

وتیشی:" ئێمە بەتەنها لە بواری هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیاندا کارمان نەکردووە، بەڵکو چەند ساڵێکە ژمارەیەک هاوڵاتی مرۆڤ دۆست لەدەرەوەی وڵات هاوکارمانن، لەڕێگەی جلوبەرگ و خۆراک و هەندێک جاری کەم لەڕێگەی پێدانی هاوکاری ماددییەوە بۆ نەخۆشێک یاخود خێزانێک کە پێویستی پێیەتی لە سنوری سلێمانی و قەزای دەربەندیخان، هاوکاری خەڵک دەکەین.

هاوکار قادر، ڕونیشیکردووە:" ئێمە لە لیژنەی کاری هەروەزی لە تازەترین چالاکیماندا کە پێی هەستاوین، لەچوارچێوەی هەستکردنمان بە بەرپرسیارێتی کە هەندێک مەترسی هەن کە هەندێک جار بە تابلۆیەک دەتوانی کەسێک لە مردن ڕزگاربکەیت. هەستاوین بەدانانی تابلۆی هۆشیارکردنەوە بۆ ئەوکەسانەی کە سەردانی هەردوو بەنداوی دەربەندیخان و دێوانە و گۆمی سابیر، دەکەن لە قەزای دەربەندیخان، کە ساڵانە بەهۆی مەلەکردن لەو  لەوناوچانە چەندین هاوڵاتی خنکاون، ئامانجمان ئەوەیە خەڵکی لە مەترسی ئەو شوێنانە ئاگاداربکەینەوە.