ڕوانگە - به‌تۆمه‌تی‌ دزیكردن له‌دووكانێك‌و بردنی بڕێك پاره‌، مەفرەزەكانی نوسینگەی ڕۆژهه‌ڵاتی به‌شی‌ پۆلیسی نەهێشتنی تاوان دوو تۆمه‌تباریان ده‌ستگیركرد.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، ڕایگەیاند:"
دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ هاوڵاتییه‌ك سكاڵای‌ یاسایی تۆماركرد كه‌ دزی‌ له‌دووكانه‌كه‌ی كراوه‌و بڕێك پاره‌ی لێ دزراوه‌، ده‌ستبه‌جێ هێزه‌كانی‌ پۆلیس لێكۆڵینه‌وه‌كانیان بۆ دۆزینه‌وه‌و ده‌ستگیركردنی‌ تۆمه‌تبار ده‌ستپێكرد.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، ڕونیشیکردەوە:"
دوای‌ گه‌یشتنه‌ ئه‌نجامی‌ لێكۆڵینه‌وه‌كان‌و وه‌رگرتنی‌ بڕیاری‌ به‌ڕێز دادوه‌ر، توانرا دوو تۆمه‌تبار له‌لایه‌ن مەفرەزەكانی نوسینگەی ڕۆژهه‌ڵاتی به‌شی‌ پۆلیسی نەهێشتنی تاوانه‌وه‌ بدۆزرێنەوەو ده‌ستگیربكرێن. هه‌روه‌ها ده‌ستیشگیرا به‌سه‌ر پاره‌ دزراوه‌كه‌دا.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، ئاشکرایشیکرد:"
له‌ئێستادا تۆمه‌تباران (هـ، ك، ح له‌دایكبووی‌ 1998 - ك، م، م له‌دایكبووی‌ 1999) به‌بڕیاری‌ به‌ڕێز دادوه‌رو به‌پێی‌ مادده‌ی‌ 443 له‌یاسای‌ سزادانی‌ عێراقی‌ ڕاگیراون‌و لێكۆڵینه‌وه‌كان به‌رده‌وامه‌.