ڕوانگە ـ ڕۆژی پێنجشەممە، ئیستەنبوڵ میوانداری لوتکەیەکی نێودەوڵەتی کرد کە بەرپرسانی تورکیا، ئیمارات، عێراق و قەتەری لەخۆگرتبوو، بۆ تاوتوێکردنی پڕۆژەی "رێگای گەشەپێدان"، کە ئامانج لێی بەستنەوەی بەندەری بەسرە عێراقییە لەسەر کەنداوی عەرەبی بە تورکیا و دەرەوەی تورکیا.
وەزیرە پەیوەندیدارەکانی ئەو وڵاتانە لە نووسینگەی سەرۆکایەتی کۆشکی دۆلمەباخچە لە ئەستەنبوڵ کۆبونەوە، لەوێدا “بڕیاری گرنگ” سەبارەت بەو پڕۆژە گەورە مەبەستە درا، کە وەبەرهێنانەکانی بە نزیکەی ٢٠ ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت.
جێگای سەرنجە، پڕۆژەکە پێشتر لە سەردانە فەرمییەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە مانگی نیساندا، بۆ بەغدا پەسەندکرابوو، هەروەها بەندەری ئەلفاو لە بەسرە کە تا ئێستاش لە قۆناغی دروستکردندایە، لە ڕێگەی تۆڕێکی ڕێگاوبانەوە بە تورکیا دەبەستێتەوە و هێڵی ئاسن بە درێژی ١٢٧٥ کیلۆمەتر (٧٩٢ میل).
گروپی بەندەرەکانی ئەبوزەبی گرێبەستێکی سەرەتایی لەگەڵ کۆمپانیای گشتی بۆ بەندەرەکانی عێراق واژۆکرد بۆ پەرەپێدانی بەندەری ئەلفاو و ناوچە ئابوورییە پلان بۆ داڕێژراوەکەی.
مانگی نیسانی ساڵی ڕابردوو، یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی چوارلایەنە لە نێوان ئیمارات، عێراق، تورکیا و قەتەر واژۆ کرا بۆ هاوکاریکردن لە پرۆژەی "رێگای گەشەپێدانی ستراتیژی".
عێراق نزیکەی ١٠%ی یەدەگی نەوتی جیهان لەخۆدەگرێت ٥% بەرهەمی جیهانی پێکدەهێنێت. حکومەتی عێراق پێی وایە هەرکاتێک پڕۆژەکە تەواو بوو، تێچووی بازرگانی نێوان چین و ئەوروپا بەشێوەیەکی بەرچاو کەمدەکاتەوە، بەو پێیەی پێشبینی دەکرێت ئەم پڕۆژەیە عێراق ببێتە ناوەندێکی گەورەی ترانزێت، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ کەمکردنەوەی کاتەکانی گواستنەوە لەنێوان ئاسیا و ئەوروپا.
عێراق حساب بۆ ڕێگای گەشەپێدان دەکات، کە لە ناوخۆدا بە "کەناڵی وشک" ناسراوە، بۆ ئەوەی بازاڕەکانی ئاسیا و ئەوروپا لە ڕێگەی بەندەری گەورەی ئەلفاو لە پارێزگای بەسرە (باشوور) بەیەکەوە ببەستێتەوە، پاشان کەناڵی وشک، کە لە بەندەرەکەوە دەست پێدەکات لە باشوور و لە باکوور بە سنووری عێراق و تورکیا کۆتایی دێت. بڕیارە پڕۆژەکە بە ٣ قۆناغ تەواو بێت، یەکەم قۆناغ لە ساڵی ٢٠٢٨ کۆتایی دێت، دووەم لە ساڵی ٢٠٣٣، سێیەم قۆناغیش لە ساڵی ٢٠٥٠.