ڕوانگە ـ گۆڕانکاریەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و هەژموونی وڵاتانی زلهێزی وەکو چین و ڕوسیا و ئەمریکا کە لە مل ملانێ و نمایشی هێزی سەربازی و سیاسی و ئابوریدان شرۆڤەی زیاتر هەڵدەگرن و ئاسۆی ڕووبەڕووبونەوەی ئەم زلهێزانە ڕوون نیەو دۆخی ناوچەکە ئاڵۆزتردەکەن .
وێڕای بەردەوامی جەنگی ئۆکرانیا و ڕوسیا جەنگی ئیسرائیل وحەماسیش هێشتا بەردەوامەو لە جەنگی هەرێمایەتیەوە خەریکە تەشەنە دەکات بۆ ڕەوشێکی گەورەتری نەخوازراو، هەرچی عێراق وسوریا وتورکیا و لوبنان و ئێرانیش پشکی دەست تێوەردان وهاوبەشیان بەشیوازی جیاواز هەیە لەم دۆخەدا، لایەنی سەرەکی بڕیار بەدەست ئەمریکا و ئێرانە چونکە ئەمریکا بە ئاشکرا پشتیوانی ئیسرائیل دەکات وئێرانیش پشتیوانی حەماس وحوسیەکان و حزب اللە ی لوبنان وت گروپەکانی عێراق دەکات .
هەموان دەزانن کە چەند ساڵێکە ڕوسیاو ئێران شەڕی بە وەکالەت دەکەن و بەشێوازی جۆراوجۆر لەهەوڵی دەرپەڕاندنی هێزەکانی ئەمریکادان لە ناوچەکەدا لەسوریا وباکوری خۆرهەڵاتی سوریا و سنورەکانی خۆرئاوای کوردستان کە بێگومان تورکیاش لەم هاوکێشەیەدا گەمەیەکی پراگماتیکیانە دەکات و کار بۆ بەرژەوەندی سیاسی و سەربازی خۆی دەکات . هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمریکا لەم قۆناغەدا بێ دەنگ نەبوون و لەپێناوی پاراستنی پێگەو بەرژەوەندیەکانی خۆیاندا پشتیوانی هێزەکانی هەسەدە(شەرڤانان) لەڕۆژئاوای کوردستان و پێشمەرگەش لە باشوری کوردستان دەکەن (هەرچەندە نیگەرانن لەیەکنەخستنی هێزەکانی ٧٠ و٨٠ ) لەچوارچێوەی هێزێکی تۆکمەی نیشتمانیدا لەباشوری کوردستان .
ئەگەر سەرکردایەتی سیاسی کورد ژیرانە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخەسیاسیەی ئیستادا بکەن ئەوا قۆناغی زێڕێنی بۆکورد دێتە پێشەوە و گرنگ ئەوەیە لەم هاوکێشانەدا هەنگاوی حەکیمانە بنێت .ئەمریکیەکان لەگەل روسەکان لە لێکتێگەشتندان بۆ دۆزینەوەو چارەسەری هاوسەنگی نێەدەوڵەتی ودەرچەی نوێ ئەمەش لەپێناوی بە ئامانج گرتن و بەدەست خستنی هێڵی گواستنەوەی وزە و زامنکردنی ئاسایشی نەتەوەیی ، بڵاوکردنەوەی هێزی دەریایی ڕوسیا لە پێنج وڵاتی ئەفریقا بە هەمانگی ئەمریکایەو بۆپاراستنی گازی سروشتیە لەم هاوکێشانەدا ئەمریکا لە پێناوی پاراستنی ئاسایشی وزەو پێگەو بەرژەوەندیەکانی خۆی و هاوپەیمانەکانی پشتیوانی لە ئەزموونی خۆسەر لە ڕۆژئاوای کوردستان دەکات ودەیەوێت لە چوارچێوەی سوریای فیدڕاڵدا بوونی هەبێت. هەرچی هەرێمی کوردستانی عێراقیش هەرلە ژێر هەیبەت و پاراستنی چەتری هێزەکانی هاوپەیماناندا یە بە سەرۆکایەتی ئەمریکاو لە پێناوی بەرژەوەندی هێڵی گەشەپێدانی هاوچەرخ بۆ گواستنەوەی وزەو پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و بەرژەوەندیەکانی خۆی وهاوپەیمانەکانی کاردەکات.
کەواتە هێزەکانی پێشمەرگەو هەسەدە وەک دووهێزگەلی بەرگری هەرێمایەتی لە لایەن هێزەکانی ئەمریکاوە سەیردەکرێن وگواستنەوەی چەکی قورس ومام ناوەند بۆ دەستی ئەم هێزانە توانای سەربازی وتەکنیکی نوێی جەنگی لەم بوارەدا بەرزدەکاتەوە. ئەو پشتیوانیانەی هێزەکانی ئەمریکا بۆپێشمەرگەو هەسەدە هەربابەتێکی سەربازی نیەو ڕەهەندی سیاسی هەیە کەئەمەش بۆ گەلی کورد ئامانجە.