ڕوانگە - هاوڵاتیان بەگرنگییەوە لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەڕلەمانی کوردستان دەڕوانن و پێیان وایە تاکە کارتی دەستی هاوڵاتیان بۆ دروستکردنی فشار و گۆڕانکاری تەنها بەشداریکردنیانە لە پرۆسەی دەنگداندا و پێیانوایە هەڵبژاردنی ئەمجارە بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی پێشوو زۆرجیاوازە و ئەم جیاوازییەش دەرفەتێکە بۆ هاوسەنگکردنەوەی هێز لە هەرێمی کوردستاندا.
یونس حەمەد، یەکێکە لەو هاوڵاتیانەی کە بەگرنگەوە لە پرسی هەڵبژاردن دەڕوانێت و ڕایدەگەیەنێت:" بەشداری خەڵک لە هەڵبژاردندا زۆر گرنگە، ئەوە تاکە کارتی دەستی خەڵکە بۆ گۆڕانکاری. ڕەنگە زۆر هۆکار هەبێت بۆ ساردکردنەوەی خەڵک، ڕەنگە هەر خۆی حیزبە حکومڕانەکان هۆکاری ئەو ساردکردنەوەی خەڵک بن، چونکە ئەوە گەرەنتی مانەوەی ئەوانە لە حوکمڕانی. حیزبە حکومڕانەکان لە ڕێی بێبەهاکردنی پەرلەمانەوە وا لەخەڵک تێبگەیێنن کە بوون و نەبوونی پەرلەمان وەک یەک بێت. بەڵام لە ڕاستیدا پەرلەمان گرینگترین دامودەزگایە کە بە هۆیەوە هەم چاودێری کارەکانی حکومەت دەکرێت هەم بۆ ئاڵوگۆڕی دەستەڵات.
وتیشی:"هەڵبژاردنی ئەمجارە جیاوازە لە هەڵبژاردنەکانی پێشوتر، بەوەی کەوا شێوازەکەی گۆڕاوە لە یەک بازنەییەوە بۆ فرە بازنەیی، کە ئەوە ڕێگری دەکات لەوەی کە شارێک ڕێژەی بایکۆتی زۆربێت نوێنەری کەمی هەبیت لە پەرلەماندا، لەهەمانکاتدا شارێک ڕێژەی بەشداری زۆربێت بەتایبەتی بەهۆی فشارەکانی حیزبە دەستەڵاتدارەکان نوێنەری زۆری هەبێت لەسەر حیسابی شارێکیتر. هەروەها هەڵوەشاندنەوەی کورسی کۆتاکان کە خراب کەڵکییان لێوەدەگیرا لەلایەن پارتی دیموکراتەوە، کە ئەو دوو هۆکارە کاریگەری زۆریان دەبێت لە گێرانەوەی هاوسەنگی و لابردنی کورسی گەرەنتیکراوی بەر لە هەڵبژاردن. هەروەها وردە وردە هاتنەدەری موچە لەبەردەستی حیزبەکان هۆکارێکی گرنگە لە ئازادتر دەنگدانی دەنگدەر و نەترسانی.
لەبارەی ئەو بەڵێنانەی کە حیزب و لایەنە سیاسییەکان بەر لە هەڵبژاردن بە هاوڵاتیانی دەدەن، یونس حەمەد،ئاشکرایکرد:" بە بەڵێنەکانی حیزبەکان و حیزبە دەستەڵاتدارەکان زۆر جێی متمانەو هیوا لەسەر هيڵچنین نییە، چونکە ئێمە ئەزمونێکی تاڵمان هەیە لەوبارەیەوە. سەبارەت بە بەڵینەکانی یکێتیش هەمان شتە، ئەوەی لە یەکێتیتدا ئەمجارە جیاوازە، بوونی جورئەتێکی سیاسی زیاتر بەرەمبەر تاکڕەوی پارتی، کە ئەگەر بەردەوامبێت ئەگەری هاوسەنگی هێز و فراوانکردنی بازنەی ئازادییەکان فراوانتر دەبیت.
بەختیار ئیبراهیم، یەکێکی دیکەیە لەو هاوڵاتیانەی کە پێی وایە بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارە ڕێژەیەکی زۆر لەگەنج و نەوەی تازە پێگەشتووە کەمافی دەنگدانیان هەیە، ئەمانە هاتوونەت پێش بەمەش گۆڕانکای نوێ لەحوکمڕانی کوردستان لەم هەڵبژاردنەدا زۆر بەزەقی دەردەکەوێت.
بەختیار ئیبراهیم، بۆ ڕوانگە، باسی لەوەکرد:" بەشداری هاوڵاتیانی کوردستان لە پرۆسەی هەڵبژاردن زۆر گرنگە و وەچەرخانێکی نوێ لە حوکمڕانی کوردستان بونیاد ئەنێت ، وە ئەبێتە دەسپێکی بەدیهێنانی ئەو ماف و ئیمتیازانەی کە پێویستە هەموو تاکێکی کوردستان بۆی بەدی بهێنرێت ..ئەمەش بەبەشداری هاوڵاتیان ئەبێت لەپرۆسەکە و دەنگدان بەو لایەن و حزبانە بدرێت کە ئاسۆی گەشی هیواکانیان لێچاوەڕوان ئەکرێت.
وتیشی:"هەڵبژاردن لەدوای هەڵبژاردن گرنگی و مەفهومی خۆی هەیە .. چونکە هەڵبژاردنی ئەمجارە جیاوازی یەکی زۆری لەوانەی پێشووتر ئەبێت ، بەوەی کۆمیسۆنی هەڵبژاردنەکان لەچنگی حزبێکی دیاری کراو نەماوە و زۆرێک لەدەنگی وەهمی و کورسی دیاری کراو بۆ لایەنێک کۆتایی هاتووە و ڕێژەی کورسییەکان لەچنگی حزبێکی چەوسێنەر بە ترس و تۆقاندنی هاوڵاتیانی کوردستان کۆتایی هاتووە ، ئیدی خەڵکی کوردستان خۆیان ئایندەی خۆیان دیاری ئەکەن و داهاتووی نەوەکانیشان باشتر ئەکەن .....وە ڕێژەیەکی زۆر لەگەنج و نەوەی تازە پێگەشتووە کەمافی دەنگدانیان هەیە هاتوونەت پێش بەمەش گۆڕانکای نوێ لەحوکمڕانی کوردستان لەم هەڵبژاردنەدا زۆر بەزەقی دەردەکەوێت.
لە بارەی بەڵێنی پێشوەختەی هێز و لایەنەسیاسییەکانی هەرێمی کردستان، بەختیار ئیبراهیم، ڕایگەیاند: بەڵێنی هەڵبژاردن لەپرۆسەی دەستپێکی بانگەشەی هەڵبژاردن ..لەحزب و هێزێکی سیاسیەوە بۆ لایەنێکی دی ، جیاوازی ئەبێت ، هەندێ هێزی سیاسی ئەتوانن گۆڕانکاری جدی لەژیانی خەڵکی دا بکەن .. بەوەی هاوسەنگی دەسەڵات هەبێت یاخود گۆڕانکاری لە دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی حوکمەت بکرێت ..بەتایبەت بۆ هێزێکی دیموکراسی و ئازادی خوازی وەک یەکێتی نیشتمانی کوردستان ... ئەگەر کەمێک بگەڕێینەوە دواوە بۆ ساڵانی پێش 2011ئەبینین ئەو کابینانەی کە یەکێتی تیادا سەرۆک حوکمەتی لابووە ، ژیانی هاوڵاتیان لەوپەڕی خۆشگوزەرانی دابووە ،، چۆن ئەوکات پێشینەی هاوسەرگیری و سولفەی عەقارات و قەرزی بچوک و ئاوەدانی دێهاتەکان و ناردنەدەرەوەی خوێندکاران و زیادکردنی موچەی کەس و کاری شەهیدان و ئەنفالکراون مامۆستایان و پرۆژەکان و زۆرشتی تر کە هەمیشە یەکێتی داینەمۆی ئەو گۆڕانکاریانە بووە و بەیەکێتیش ئەکرێت و ئاوەشی ماوە هەریەکێتی ئەیکات .. ڕاستە یەکێتی لەحوکمەتدا بووە بەڵام بۆ ئەوە لەحوکمەت بووە خۆی خاوەنی ئەزمونەکەیە و خۆشی ئەبێت ژیانی هاوڵاتیانی کوردستان چاکترو چاکتر بکات وەنایەوێ دەسەڵات بەجێ بهێڵێ بۆ لایەنێکی سیاسی کەپێی وایە چەوسانەوە و برسی کردن و نەدانی موچەو دەست بەسەراگرتنی دام و دەزگا شەرعیەکانی کوردستان وەک پەرلەمان لەساڵانی ڕابردوو بەمافێکی ڕەوای خۆی بزانێ بێگەڕانەوە بۆ دەنگدانی خەڵکی کوردستان بەو حوکمەت و پەرلەمانەی کە ژیانی خەڵکی کورستانی لەسەرەو بەهەزاران شەهید دراوە بەم ئەزموونە .، بۆ ڕاستکردنەوەی هەموو ئەوانە ئەبێت یەکێتی بەهێزتربێت تا خەڵکی ژیان و ئاسودەیی خێزانەکانیان مسۆگەرتربێت.
سەرەڕایی نەبونی متمانەی بەشێکی زۆر لە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان، بەو بەڵێنانەی کە هێز و لایەنە سیاسییەکان، بەر لە هەڵبژاردن بە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانی دەدەن، کەچی بەگرنگەوە لە بەشداری هاوڵاتیان دەڕوانن لە پرۆسەی هەڵبژاردندا و پیان وایە گرنگە هاوڵاتیان بەشداری لەپرۆسەی هەڵبژاردندا بکەن بەومەرجەی کە بزانن کێ دەکەن بە نوێنەری خۆیان.
ئەمیر ئەرسەلان، لە وتوێژی لەگەڵ پەیامنێری ڕوانگە، بە گرنگییەوە باسای لە پرۆسەی هەڵبژاردن کردو ڕایگەیاند:" بەشداری خەڵک لەم هەڵبژاردنەدا زۆر گرنگە و ئەم بەشداریکردنە لە هەموو هەڵبژاردنێکدا گرنگە، بەڵام مەرجە دەنگدەر بزانێت دەنگی خۆی بەکێ و بەچی لایەنێکی سیاسی دەنگدە دەدات.
لەبارەی گرنگی و جیاوازی ئەم هەڵبژاردنە بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو، وتی:" گرنگی هەڵبژاردنی ئەمجارە لەوەدایە کە 11 کورسی کۆتاکان کەمکراوەتەوە و هەروها بابەتی 50+1 کۆتایی پێهاتووە.
ئەمیر ئەرسەلان، هاوشێوەی زۆرینەی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان باوەڕی بەو بەڵێنانە نییە کە هێزە سیاسیەکان وەک بەرنامەی کاری خۆیان پێش هەڵبژاردن دەیخەنەڕوو بۆ هاوڵاتیان و ئاماژەی بەوەکرد:" کە بەڵێنی هیچ لایەنێک ڕاست نییە و ئەو بەڵێنانە تەنها بەڵێنی کاتین و هەمووی بانگەشەی هەڵبژاردنە بۆئەوەی هێزە سیاسییەکان لەوڕێگەیەوە سەرنجی دەنگدەران بەلای خۆیاندا ڕابکێشن.