ڕوانگە - لە وتوێژی لەگەڵ پەیامنێری ڕوانگە، شوان ڕابەر،  ئەندامی ئەنجومەنی سیاسی کۆمەڵی دادگەری کوردستان، ڕایگەیاند:" بەشداری خەڵک لە هەڵبژاردنی 2024/10/20 زۆر گرنگە بۆئەوەی زۆرینەی خەڵک ئەم دەسەڵاتە بگۆڕێت دەسەڵاتێکی تازەی چاک و دادگەر و خەمخۆر هەڵبژێرێ، بۆئەوەی کۆتای لەم زوڵم و زۆر و ناعەدالەتییەی ئەوان ڕزگاری ببێ، بۆئەوەی ئاسودەبێ بۆئەوەی بحەسێتەوە."

وتیشی:" ئەگەر ڕاستە خەڵک لەم دەسەڵاتە بێزارە با بەشداری هەڵبژاردن بکات و لەڕێگەی دەنگدانەوە بەئاشتی گۆڕانکاری دروستبکات، ئەگەر خەڵک بەشداری نەکات و ئامادەنەبێ ئەم دەسەڵاتە بگۆڕێ دەبێ هەر لەژێر ئەم زوڵم و زۆرداریەدا بژین."

شوان ڕابەر، ڕونیشیکردەوە:" بەشدارینەکردنی خەڵک لە پرۆسەی هەڵبژاردندا تەمەنی ئەم دەسەڵاتە درێژدەکاتەوە، بۆیە چارەسەر بۆ دەربازبوون لەم دۆخە تەنها بەشداریکردنی خەڵکە."

ئەندامی ئەنجومەنی سیاسی کۆمەڵی دادگەری کوردستان، باسی لەوەشکرد:" دەسەڵات هەمیشە ئارەزوی ئەوەدەکات خەڵک بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردندا نەکات، چونکە دەزانن خەڵکی ناڕازی دەنگ بەوان نادات و ئەوان لایەنگران و خەڵکی خۆیان بەهەرجۆرێک بێت دەبەن بۆ سەر سندوقی دەنگدان، بۆیە بەشداریکردنی خەڵک  زۆر گرنگە و تا خەڵکی ناڕازی زیاتر بەشداری لە پرسی هەڵبژاردندا بکات ئەوەندە پرۆسەکە گرنگی خۆی دەبێت."

لەبارەی ئامادەنەبونی پارتی دیموکراتی کوردستان  بۆ ڕادەستکردنی هەولێر، بەهیچ هێزێکی سیاسی کە براوەی هەژاردنیش بێت، شوان ڕابەر، ئاماژەی بەوەکرد:" هەرلایەێک بڵێت بەدەنگدانیش دەسەڵات ڕادەستی هیچ لایەنێک ناکەم ئەوا دژی دروستبونی خۆیەتی و دژی دروشم و پەیامی خۆیەتی، دژی دیموکراتیەت و پرەنسیپەکانی ئازادی و حکومی مەدەنییە، ئەوە دیکتاتۆریەت و قۆرخکاری و زوڵم و ستەمە و هەرچەندە ئەگەر پێیبکرێت وادەکات، بەڵام ئەگەر خەڵک دەنگی پێنەدات شەرعێتی جەماوەری و نێودەوڵەتی لەدەستدەدات."

ئەندامی ئەنجومەنی سیاسی کۆمەڵی دادگەری کوردستان، ئاشکرایشیکرد:" لەم هەڵبژاردنەدا گۆڕانکاری زۆر کراوە،  بەغدا سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکان دەکات وەک ئەم هەڵبژاردنە جیاوازە لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو، ئەو هێزانە ناتوانن بەئارەزوی خۆیان دەستێوەردان لە هەڵبژاردندا بکەن، بۆیە دەبێت ئەمجارە هەمو ئاوانەی کە مافی دەنگدانیان هەیە بەشداری لەم هەڵبژاردنەدا بکەن بۆئەوەی هەڵبژاردن ئەنجامێکی باشی هەبێت."