ڕوانگە - دەرچووە یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان، نیگەرانن لەوەی کە حکومەت ماوەی چەندین ساڵە بەڵێنی دامەزراندیان پێدەدات، بەڵام دایانامەزرێنێت و هەربۆیە ئەمڕۆ بۆ 36 مین جار لەبەردەم زانکۆی سلێمانی گردبوونەوەیان ئەنجامدا و یەکێک لە دەرچووە یەکەمەکان، بۆ ڕوانگە ڕایدەگەیەنێت:" لایەنی پەیوەندیدار هەمیشە پێمان دەڵێن چاوەڕوانبن دامەزراندن دەستپێدەکات،بەڵام ئەوە شەش ساڵە ئێمە چاوەڕوانین و تادێت ژمارەی دەرچووە یەکەمەکان زیاددەکات و کەچی حکومەت بەڵێنەکەی خۆی ناباتەسەر.
کاشما فاروق، یەکێک لە دەرچووە یەکەمەکان بۆ ساڵی 2019 ـ 2020 ، بۆ ڕوانگە،ڕایگەیاند:"گرفتی دەرچووەیەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکان دەگەڕێتەوە بۆ شەش ساڵ پێش ئێستا، لەپای هەوڵێکی زۆر و کارکردنێکی زۆر بۆ دامەزراندنمان، بەڵام تاوەکو ئێستا نەگەیشتوین بە هیچ ئەنجامێک، سەربار ئەوەی ئێمه لە ساڵی 2017 ەوە تاوەکو ساڵی 2023 و ئەوانەشی دەرچوو دەبن بۆ ساڵی 2024، هەوڵێکی تەواودراوە بۆ ئەوەی کاربکرێت بۆ دامەزراندنمان، چی لە ڕێگەی پەڕلەمانتارانەوەبێت یاخود لەڕێگەی گرتنەبەری ڕێگا مەدەنیەکانەوەبێت و چی لەڕێگەی دەربڕینی ناڕەزایەتی و دەرکردنی بەیاننامەوەبێت و گەیاندنی پەیامەکانمان بێت بە تەواوی لایەنەپەیوەندیدارەکان بۆ دامەزراندنمان، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ هەوڵێکی جدی نەبووە لە لایەن حکومەتەوە و ساڵانێکی زۆرە پشتگوێ خراوین.
وتیشی:" دەزانین دەرچووە یەکەمەکانی عێراق، تاوەکو ساڵی 2022 یش دامەزرێنراون وە زانیاریشمان هەیە ژمارەیان زیاد دەکات و ئەوان دەرفەتی باشتریان بۆ ڕەخساوە و حکومەت دەتوانێت سودێکی زۆر لە تواناکانی ئەوان وەربگرێت، چونکە یەکەمەکان خاوەنی توانا و لێهاتوویەکی زۆرباشن.
کاشما فاروق، ڕونیشیکردەوە:" بەداخەوە تاوەکوئێستا بێوەڵامین، بۆیە ناڕەزایەتییەکانمان تائێستا بەردەوامە و تائێستا زیاتر لە 35 جار گردبوونەوە و خۆپیشاندانمان ئەنجامداوە و چەندین جار لایەنە پەیوەندیدارەکانمان ئاگادارکردۆتەوە تاوە لە مانگی چواری ئەمساڵدا داوامان لێکرا لەڕێگەی بایۆمەترییەوە ناوەکانمان بنێرین بۆ وەزارەت و دواتریش بدرێت بە حکومەتی عێراق بۆ ئەوەی دابمەزرێین، بەڵام لەگەڵ پەسەندکردنی پرۆژە بودجەی عێراق کە هەرێمی کوردستان بەشێک بوو لەو پرۆژەیە ئاماژە بەوەکرا کە هیچ دامەزراندنێک ناکرێت، بەتایبەت بۆ یەکەمەکان ، بەڵام ئێمە ئاگاداربوین کە وانەبێژان بەگرێبەستکران کەواتا بۆچی دەوترێت دامەزراندن نییە و لەولاشەوە وانەبێژان دەکرێن بەگرێبەست و لە هەمانکاتدا لە ڕیزی هێزە ئەمنیەکاندا دیسانەوە دامەزراندن دەستپێدەکاتەوە و یەکەمەکان دانامەزرێن؟
کاشما فاروق، ئاشکرایشیکرد:" لایەنی پەیوەندیدار هەمیشە پێمان دەڵێن چاوەڕوانبن دامەزراندن دەستپێدەکات،بەڵام ئەوە شەش ساڵە ئێمە چاوەڕوانین و تادێت ژمارەی دەرچووە یەکەمەکان زیاددەکات و تائێستا ژمارەمان گەیشتۆتە 12 هەزار و 286 دەرچو هەیە و دانەمزراون.