جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە کە لە ئێستادا هەوڵێک هەیە بۆ پەلکێشکردنی شەڕێکی نەخوازراو لە نێوان چەکدارانی پەکەکە و هێزی پێشمەرگە لە خاکی هەرێمی کوردستان.

جەعفەر شێخ مستەفا پەیامێکی بڵاو کردووەتەوە کە تێیدا هاتووە، ئەگەر بابەتەکە بۆ چەکدارانی پەکەکە بەرگریکردن لە خۆیان بێت، بۆ هێزی پێشمەرگەی تێوە دەگلێنن لەو شەڕەی کە خواستی گەلی کورد و هێزی پێشمەرگەی لە سەر نییە؟

ناوبراو پرسیارێکی ئاراستەی پەکەکەش کردووە کە بۆ تەنیا لەو قەوارەیەی هەرێمی کوردستان چالاکییەکانیان چڕ کردووەتەوە کە بە خوێنی هەزاران شەهید بونیاد نراوە و پاساوی هێرش کردن بۆ سەر خاکی هەرێم بە تورکیا دەدەن؟

جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوای کردووە کە بە یاسا شەڕی براکوژی شەرمەزار بکرێت لە بەر ئەوەی کە هەوڵێک هەیە ناسەقامگیری و دووبەرەکی پەرە پێبدات./.