ڕوانگە - ئەکرەم ساڵەح ڕایکەیاند، پرسی گەڕاندنەوەی ڕوفاتی ئەنفالکراوان پرسێکی گرنگە و ئەرکی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراقییە کار بۆ هەڵدانەوەی گۆڕەکان بکەن.
لە 2024/2/21 ەوە تا ئێستا تەنها ڕوفاتی 172 کەس لە ئەنفالکراوان گەڕێنراوەتەوە بۆ کوردستان، ئەمە لەکاتێکدایە کە کەسوکاری قوربانیانی ئەنفالکراوان چاوەڕێی ئەوەیان دەکرد تائێستا ڕوفاتی تەواوی ئەنفاکراوان بگەڕێنرایەتەوە بۆ کوردستان و سەرۆکی کۆمەڵەی داکۆکیکار لە پرسی ئەنفال لە گەرمیان، ڕایدەگەیەێت:"گۆڕەکان لە بەردەم لەناوچوندان و ئێمە لە ڕێکخراوەکانی بواری جینۆساید هەمیشە جەختمان کردۆتەوە لە زوو هەڵدانەوە و هێناوە و ئەنجامدانی پشکنینی DNA بۆ ڕوفاتی ئازیزانمان.
ئەکرەم ساڵەح ڕەشید، سەرۆکی کۆمەڵەی داکۆکیکار لە پرسی ئەنفال لە گەرمیان، بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند:"هەڵدانەوەی گۆڕەبەکۆمەڵەکان و ئەنجامدانی پشکنینی DNA لە ئەولەوییەتی داواکاریەکانی ئێمەی کەسوکاری ئەنفالکراوەکانە و کەسوکاری ئەنفالکراوەکان بۆ ئێمە لە هەموشتێک گرنگترە.
وتیشی:" گۆڕەبەکۆمەڵەکان ژمارەیان زۆرە و لە سەرەتای مانگی سێی ئەمساڵەوە هەڵمەتی وەرگرتنی سامپڵی خوێن و داتا و زنیاری لە واریس و کەسوکاری ئەنفالکراوەکان لەگەرمیان بەڕێوەچوو، لە ئێستاشدا چاوەڕاونی قۆناغی دووەمی ئەم هەڵمەتەین کە لە گەرمیان و چەمچەماڵ و خورماتوو، دەست پێبکاتەوە
سەرۆکی کۆمەڵەی داکۆکیکار لە پرسی ئەنفال لە گەرمیان
ڕونیشی کردەوە:" لە پاش پرۆسەی ئازادی عێراقەوە تائێستا بە یازدە قۆناغ ڕوفاتی 2546 شەهیدی جینۆساید هێنراوەتەوە بۆ کوردستان، هەروەها تائێستاش زۆرێک لەو گۆڕەبەکۆمەڵانە هێشتاماون هەڵبدرێنەوە و ڕوفاتەکان بهێنرێتەوە بۆ کوردستان.
ئەکرەم ساڵەح ڕەشید،ئاماژەی بەوەشکرد:" بەداخەوە تائێستا هەنگاوێکی جدی نەنراوە بۆ هەڵدانەوەی گۆەبەکۆمەڵەکان و ئێستا گۆڕەکان لە بەردەم لەناوچوندان و ئێمە لە ڕێکخراوەکانی بواری جینۆساید هەمیشە جەختمان کردۆتەوە لە زوو هەڵدانەوە و هێناوە و ئەنجامدانی پشکنینی DNA بۆ ڕوفاتی ئازیزانمان.
ئەکرەم ساڵەح ڕەشید، سەرۆکی کۆمەڵەی داکۆکیکار لە پرسی ئەنفال لە گەرمیان،باسی لەوەشکرد، چاوەڕوانی ئێمە لە 36 ساڵی ڕابردوودا دووجۆر چاوەڕوانی بووە، یەکەم چاوەڕوانییەک بۆ هاتنەوەی ئازیزانمان تاوەکو پرۆسەی ئازادی عێراق، چاوەڕێمان دەکرد ئازیزانمان بێنەوە، چاوەڕوان دووەمیشمان لەدوای لەناوچونی ڕژێمی بەعس کە دەرگای بەندینخانەکان شکێنرا و کەسوکارەکانی ئێمە تیانەبوو چاوەڕوانیمان سەریکێشاوە بۆ گەڕانەوەی ڕووفاتی ئازیزانمان واتا لە ساڵی 2003 ەوە بۆ ئەمڕۆ.
ئەکرەم ساڵەح ڕەشید، سەرۆکی کۆمەڵەی داکۆکیکار لە پرسی ئەنفال لە گەرمیان، ئاشکرایشیکرد:" پرسی گەڕاندنەوەی ڕوفاتی ئەنفالکراوان پرسێکی گرنگەو ئەرکی حکومەتی هەرێمە کە بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراق لەڕێگەی پەیوەندییەکانیانەوە و هەروەها لەڕێگەی وەزارەتە پەیوەندیدارەکانەوە کار بۆ هەڵدانەوەی گۆڕەکان و هێنانەوەی ڕوفاتی ئەنفالکراوان بکات، بەڵام بەداخەوە تائێستا پرۆسەکە زۆر بەسستی ئەنجامدەدرێت.