ڕوانگە - پەرلەمانی عێراق هەمواری یاسای دامەزراوەی شەهیدانی پەسەند كرد و بەپێی یاساكە سەرجەم شەهیدانی پێشمەرگە و ئاسایش و هێزەكانی ناوخۆ، كە لە ناوچە كوردستانییەكان لە شەڕی تیرۆر شەهید بوون مووچەیان دەخرێتە سەر عێراق.

 بەپێی هەمواری یاسای دامەزراوەی شەهیدانی عێراق، کە ئێستا پەرلەمان پەسەندی کرد، ئەو پێشمەرگە و ئاسایش و هێزەکانی ناوخۆ، کە لە شەڕی رووبەروبونەوەی تیرۆر لەناوچەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان واتا لە کەرکوک و خانەقین و خورماتوو و موسڵ و هەر ناوچەیەکی تر عێراق شەهید بوون، مووچەیان دەخرێتە سەر دامەزراوەی شەهیدانی عێراق.

بە گوێرەی یاساکە ئەو شەهیدانەی، کە لە وەزارەتی شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراوانی هەرێم تۆمارکراون و نیشتەجێی پارێزگاکانی دەرەوەی هەرێمن، هەموو ئیمتیازاتی دامەزراوەی شەهیدانی عێراق دەیانگرێتەوە، تەنها گواستنەوەی مووچەکەیان نەبێت.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە پێشتر مووچەی خانەنشینانی مەدەنی هەرێم هاوتای عێراق كرا و بڕیارە بەم نزیكانە مووچەی خانەنشینانی سەربازیش هاوتا بكرێت.