ڕوانگە - وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەوڵدەدات  سود لە پاڵپشتییەکانی وڵاتی ئیتالیا وەربگرێت لە بواری کشتوکاڵدا.

هەر لەوچوارچێوەیەشدا ڕۆژی سێ شەممە ٢٠٢٤/٩/١٧ وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بە ئامادەبوونی بەڕێوەبری گشتی پلاندانان و بەڕێوەبەری گشتی باخداری و دارستان و پاوان و ستافی نوسینگە،  لەگەڵ  میشێڵ کامیرۆتە کونسوڵی گشتی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری کۆبونەوە.

لەو کۆبونەوەیەدا جەختکرایەوە لەسەر پشتیوانیەکانی وڵاتی ئیتاڵیا بۆ سێکتەری کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەت  پەرەپێدانی زەیتون و کارگەکانی زەیتون لە هەرێمی کوردستان.

بۆ ئەومەبەستە لە ئێستادا تیمێکی هونەری لەنێوان هەردوولا پێکهێنراوە بۆ ئەوەی بتوانرێت بە زووترین کات سوود لە پاڵپشتیەکانی وڵاتی ئیتاڵیا وەربگیرێت و لە ئایندەیەکی نزیکدا باشترین جۆری ئەو زەیتونانە بهێنرێنە هەرێمی کوردستان، کە پێویستە پەرەی پێبدرێت بۆ بەرهەمهێنانی رۆنی زەیتی زەیتون.

بۆ زیاتر بەرەو پێشبردنی کەرتی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە بواری بەرهەمهێنانی زەیتون و دروستکردنی رۆنی زەیتی زەیتوندا هەوڵدەدرێت خولی شیاندن بۆ جوتیاران بکرێتەوە بۆمەبەستی فێرکردنیان بە تەکنەلۆژیای نوێ و سەردەمیانەی وڵاتی ئیتاڵیا.