ڕوانگە - د.لەتیف جەمال رەشید، سەرۆککۆماری عێراق، پێشوازی لەو وەرزشکارە قارەمانانە کرد کە لە یارییەکانی پارائۆڵۆمپی لە پاریس میدالیای جۆراوجۆر و پێگەی پێشکەوتویان بەدەستهێنا.
لەسەرەتای دیدارەکەدا، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 19-9-2024 لەکۆشکی سەلام لە بەغداد بە ئامادەبونی بەڕێزان د.ئەحمەد ئەلموبەرقەع وەزیری لاوان و وەرزش و د.عەقیل موفتن سەرۆکی لیژنەی ئۆڵۆمپیی عێراق و د.عەقیل حەمید عۆدە سەرۆکی لیژنەی پارائۆڵۆمپی بەڕێوەچو، بەڕێز سەرۆك کۆمار بەخێرهاتنی وەرزشکارە قارەمانەکانی کرد و پیرۆزبایی ئەو دەستکەوتە مەزنانەی لێکردن، کە لە یارییەکانی پارائۆڵۆمپیك بەدەستیانهێناوە و ناوی عێراقیان لە ناوەندە وەرزشییە نێودەوڵەتییەکاندا بەرزکردوەتەوە و بونەتەمایەی شانازی هەموو عێراقییەکان.
هەروەها سەرۆك کۆمار جەختیکردەوە، ئەم وەرزشکارە قارەمانانە لە هەلومەرجی جیاجیادا نایابترین وێنەی ئازایەتیان پێشکەشکرد، ئاماژەی بەوەشدا کە کچە قارەمان نەجلە عیماد، گورزێکی گەورەی لە تیرۆر داوە و بەو دۆخەی خۆیەوە توانی روبەڕوی ئاڵنگارییەکان ببێتەوە و میدالی زێڕی بەدەستهێنا، ئەمەش رەنگدانەوەی ئیرادە و ئازایەتی کچان و ژنانی عێراقە، هەروەك قارەمانانی دیکە، کە ئەنجامی نایابیان بەدەستهێنا، شادییان خستە دڵی عێراقییەکانەوە. هاوکات بەڕێزیان وەرزشکارە قارەمانەکانیشی خەڵات کرد.
سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید هەوڵەکانی وەزارەتی لاوان و وەرزش و لیژنەی ئۆڵۆمپی و لیژنەی پارائۆڵۆمپی و ستافی راهێنان و هەموو ئەوانەی بەرزنرخاند، کە بەشدارییان لە بەدەستهێنانی ئەو ئەنجامە گەورانەدا کردوە، جەختی لەگرنگی بەردەوامبوون لەپشتیوانی و پەرەپێدانی وەرزش و وەرزشکارانی عێراقیش کردەوە لە هەموو ئاستەکاندا.
لەلای خۆیانەوە ئەندامانی وەفدەکە چۆنێتی بەڕێوەچونی چالاکییە وەرزشییەکانی ناو وڵات و ئەو پلانانەیان خستەڕو، کە بۆ پەرەپێدان و بەرەوپێشبردنی وەرزش داڕێژراون، هاوکات گرنگیدان و پشتیوانی و بەدواداچوونی بەڕێز سەرۆك کۆماریان بۆ وەرزشکارانی عێراق بەرزنرخاند.