ڕوانگە - د.لەتیف جەمال رەشید، سەرۆککۆماری عێراق، پێشوازی لە بەڕێز زولفەقار حۆشی خەڵەف نەقیبی ئەندازیارانی عێراق و وەفدێکی یاوەری کرد، کە لە ژمارەیەك ئەندام و کادرانی سەندیکا پێکهاتبو.
لە میانی دیدارەکەدا، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 19-9-2024 لە کۆشکی سەلام لە بەغداد بەڕێوەچو، باس لە ئاڵنگاری و کێشەکانی بەردەم ئەندازیارانی عێراق و رێگاکانی نەهێشتنی ئاستەنگییەکان کرا. ئاماژە بەوەشکرا پێویستە لە کاتی دامەزراندنی دەرچوانی کۆلێژەکانی ئەندازیاری لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا پشت بە پلەبەندیی پیشەیی ببەسترێت، سەرەڕای بایەخدان بە پرۆگرامی راهێنان و رێکخستنی سیمینار و کردنەوەی بوارەکانی هاریکاری بۆ گۆڕینەوەی شارەزایی لەگەڵ وڵاتانی دیکە بە ئامانجی پێشخستن و پەرەپێدانی کەرتی ئەندازیاری لە وڵاتدا.
سەرۆك کۆمار رونیکردەوە، سەقامگیریی ئێستای عێراق لە رووی ئاسایش و ئابورییەوە ژینگەیەکی گونجاوی دروستکردوە بۆ راکێشانی وەبەرهێنانی هەمەجۆر، لەهەمانکاتدا دەرفەتێکن بۆ پاڵپشتیکردنی پرۆسەی گەشەسەندن و پێشکەوتن کە عێراق لە ئاستە جیاجیاکاندا بەخۆیەوەدەبینێت.
لەلایەن خۆیانەوە وەفدی میوان سوپاسی سەرۆك کۆماریان کرد، کە بایەخ بە ئەندازیارانی عێراق دەدات و بەدواداچون بۆ کێشەکانیان دەکات و هەمیشە پشتیوانییان لێدەکات. هەروەها دوپاتیانکردەوە لە هەوڵەکانیان بەردەوام دەبن بۆ دابینکردنی توانای ناوخۆیی بۆ دامەزراوەکانی دەوڵەت لەپێناو تەواوکردنی هەموو پرۆژەکانی کەرتە جۆراوجۆرەکان.