ڕوانگە - کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، لەسەر پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بەردەوامی هەیە و تائێستا ڕوون نییە کە کەی ئەم کێشانە چارەسەردەبێت، ئەندامێکی پەڕلەمانی عێراقیش ڕایدەگەیەجێت:" ئەگەر لەنێوان هەولێر و بەغدا سەد دانیشتنی دیکەش لەسەر پرسی مووچە بکرێت هیچ سودێکی نابێت و کێشەکان چارەسەر نەکرێن هەرگرفت بۆ مووچە دروست دەبێت.
سۆران عومەر، پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عێراق، بۆ ڕوانگە، ڕایگەیاند:"ئەوکێشانەی کە تائێستا لە لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستاندا ماون و چارەسەرنەکراون، ناوی دووبارە،واتا دوومووچە، لەگەڵ ژمارەی بێهاوتا و دووبارە ئەمانە بەشێکن لەو کێشانەی کە هێشتا چارەسەرنەکراون و مۆڵەتدراوە کە حکومەتی هەرێم لە ماوەیەکی کەمدا چارەسەریان بکات."
وتیشی:" بایۆمەتریش یەکێکی دیکەیە لە کێشەکان کە بۆ ئەوەش مۆڵەت دراوە هیچ فەرمانبەرێک لە مەدەنی و سەربازی لە خانەنشینی نابێت بەبێ بایۆمەتری داخڵی لیستی مووچە بێت، بۆیە ئەگەر ئەمانە نەکرا ئەوا ئەوکات بەقەبارەی ئەوەی کە تێبینییە پارەی مووچە دەبڕدرێت کە نزیکەی 600 ملیاری بڕیوە، ئینجا وەکو مانگەکانی پێشوو دەنێردرێت."
سۆران عومەر،ڕونیشیکردەوە:" ئەگەر ئەوکێشانە چارەسەرنەبێت، ئەوا دواکەوتنی مووچە هەروەک ئێستا بەردەوامی دەبێت، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر لەنێوان هەولێر و بەغدا سەد دانیشتنی دیکەش بکرێت کێشەکان چارەسەر نەکرێن ئەوا هەرگرفت بۆ مووچە دروست دەبێت."
سۆران عومەر، پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عێراق، باسی لەوەشکرد:" ئەو سەردانەی چەندڕۆژی پێشووی وەزیری دارایی عێراق بۆ هەولێر و کۆبونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم بۆ ئەوە بووە کە ڕووبەڕوو پێیان بڵێن ئەمە کێشەکانتان و چارەسەری بکەن با مووچە دوانەکەوێت."
لە وەڵامی ئەوپرسیارەی کە ئایە بۆچی حکومەتی هەرێم، پەلەناکات لە چارەسەرکردنی کێشەکان و کەموکورتییەکانی ناو لیستی مووچە؟ "سۆران عومەر، پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عێراق، ڕونیشیکردەوە:" هەرێم کێشەکان چارەسەرناکات لەبەرئەوەی بەشێک لەو مووچەخۆرانە مووچەخۆری نایاساین و بەشێکان تازە دامەزراون و ئەوانەن کە چەندین ساڵە بە نەفەسێکی حیزبی ئەمایان کردووە و ئەوانەشی کە مافیان هەیە گربەستن نەکراون بە هەمیشەی و سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکان و خاوەن بڕوانامە باڵاکان دانەمەزراون، بەڵام بەردەوام لەناو سلکی سەربازیدا دامەزراندن بۆ کەسانی حیزبی کردووە ئەمە گرفتە سەرەکییەکانە کە ئێستا بەئاسانی بۆیان چارەسەرنابێت و وە ئەم گرفتە لە خانەنشینی سەربازیدا بونی هەیە و لە کاتی هاوتاکردنی مووچەدا دەردەکەوێت."