ڕوانگە - لە بارەی دەستپێکردنی هەڵمەتەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ پەڕلەمانی کوردستان، کە بڕیارە مانگی 10ی ئەمساڵ دەست پێبکات و هەروەها بۆ ئەو مەبەستەش لە چەند ڕۆژی داهاتووشدا بانگەشەی هێز و پارتە بەشداربووەکان و کاندیدەکان لەسەرجەم کوردستان دەستپێدەکات و هەربۆیە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، ژمارەیەک رێنمایی تایبەت بە بانگەشەی هەڵبژاردنی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند:"، ئەگەر بەربژێرێك پابەند نەبێت بە ڕێنماییەكان، ئەوە پۆستەر و بانگەشەكەی لەلایەن تیمەكانی شارەوانی لادەبرێت و كاردانەوەی یاسایی لەگەڵ دەكرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، 23-9-2024، لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان
ڕایگەیاند:" بە واژووی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، بە نووسراوی ژمارە 949 رێنمایی تایبەت بە بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان و سەرۆكایەتییەكانی شارەوانی نێدراوە، كە ئەمەی خوارەوە دەقەكەیەتی:
لە پێناو پاراستنی شوێنی گشتی و راگرتنی پاكوخاوێنی و تێكنەدانی سیمای شارەكان، بە پێویستمان زانی ئەم ڕێنماییانە تایبەت بە بانگەشەی هەڵبژاردن دەربكەین كە پێویستە هەموو لایەك پابەندی بن:
1- ڕێگە نادرێت وێنە و پۆستەری حزب و كاندیدانی لایەنە سیاسییەكان لەسەر دیوار و ستوون و بەربەستە گشتییەكان بە بزمار و لەزگە و سیكۆتین هەڵبواسرێن.
2- ڕێگە نادرێت بە دانانی وێنە و پۆستەر لەسەر سەوزایی و دورگەی ناوەندی و ناو پاركە گشتییەكان بە هەر جۆرە كەرەستەیەك.
3- رێگە نادرێت بە بەكارهێنانی قوم، لم، چیمەنتۆ و بلۆك بۆ ڕاگرتنی تابلۆ و كەرەستەكانی تری بانگەشە.
4- رێگە نادرێت بە هەڵواسینی وێنە و پۆستەرەكان لەسەر هێمای هاتوچۆ و تابلۆ ڕێنیشاندەرەكان یاخود هەڵواسین لە شوێنی سووڕانەوەكانی ئۆتۆمبێل كە ببێتە هۆی دروستبوونی رووداوی هاتوچۆ.
5- رێگە نادرێت شوێنەوار و شوێنە كولتوورییەكان بۆ هیچ جۆرە بانگەشەیەك و هەڵواسینێك بە هیچ جۆرە مادەیەك بەكار بهێنرێت.
6- رێگە نادرێت بە هەڵواسینی وێنە و پۆستەری كاندیدانی حزب و كاندیدانی لایەنە سیاسییەكان لەسەر دیوار و شوورای فەرمانگەكانی حكوومەت و شوێنە گشتییەكان وەك: مزگەوت، نەخۆشخانە، زانكۆ، قوتابخانە...هتد.
7- هەر شارەوانییەك بەپێی تایبەتمەندیی دەڤەری خۆی، سەرباری ئەم خاڵانە، دەتوانێت ڕێكاری تایبەت بە خۆی بۆ بەرژەوەندیی موڵكی گشتی و پاراستنی پاكوخاوێنیی شار دەربكات.
8- لە دوای تەواوبوونی بانگەشە، هەر بەربژێرێك بەرپرسیارە لە لێكردنەوەی وێنە و تابلۆكان و پاككردنەوەی شوێنەكە.
9- ئەگەر بەربژێرێك پابەند نەبێت بە ڕێنماییەكان، ئەوە پۆستەر و بانگەشەكەی لەلایەن تیمەكانی شارەوانی لادەبرێت و كاردانەوەی یاسایی لەگەڵ دەكرێت.
لای خۆشییەوە، بەرزان کەریم، سەرۆکی شارەوانییەکانی گەرمیان، بۆ ڕوانگە، ڕایگەیاند:" ئەو ڕێنمایانەی وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزاری حکومەتی هەرێم، گەیشتووەتە دەستمان و بە پێی ئەو ڕێنمایانە مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسەدا دەکەین.
سەرۆکی شارەوانییەکانی گەرمیان، وتیشی:" هەمان ڕێنمای وەزارەتی شارەوانی جێبەجێ دەکەین و پارک و باخچەکان و شوێنەگشتییەکان نابێت بانگەشەیان تێدا بکرێت