ڕوانگە - جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و سه‌رۆكی‌ ئێستای‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم رایگه‌یاند كه‌ کارەبای 24 کاتژمێری بۆ هەموو کوردستان دابین دەکەن، ده‌شڵێت: "ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ پارتی گه‌وره‌ترین سه‌ركه‌وتن تۆمار ده‌كات".

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2ی تشرینی یه‌كه‌می 2024، مه‌سرور بارزانی، جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ میانی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی‌ بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن له‌گه‌ڵ قوتابییان، لاوان و ئافره‌تان له‌ شاری هه‌ولێر، رایگه‌یاند كه‌ "دژی تووندوتیژی و تۆقاندنبووین و نه‌مانویستووه‌ رۆژێك له‌ رۆژان شه‌ڕ بكه‌ین، ئه‌گه‌ر له‌پێناو به‌رگریكردن له‌میلله‌ته‌كه‌مان نه‌بێت، ئێمه‌ هیچ كات له‌گه‌ڵ شه‌ڕ نه‌بووین و هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ ئاشتیداین".
 
جێگری سه‌رۆكی پارتی ده‌ڵێت: "پارتی ئه‌م ئه‌زموونه‌ی دروستكردووه‌ و پارتیش ئه‌م ئه‌زموونه‌ ده‌پارێزێت. پارتی خاوه‌نی ئه‌م ئه‌زموونه‌یه‌. خوا یار بێت له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ گه‌وره‌ترین سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست ده‌هێنین. پارتی به‌ ته‌نیا زۆر ده‌ستكه‌وتی هه‌بووه‌، به‌ڵام هیچ لایه‌نێكی دیكه‌ به‌ ته‌نیا و به‌بێ پارتی نه‌یتوانیوه‌ ده‌ستكه‌وتی هه‌بێت".
 
ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ "پارتی ده‌ستی باڵای هه‌بووه‌ له‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی كوردستان و له‌ كابینه‌كانی یه‌ك له‌ دوا یه‌كی كه‌ به‌ سه‌رپه‌رشتیی پارتی بووه‌، ده‌بینین كوردستان له‌ چی قۆناخێكه‌وه‌ به‌ره‌و چی قۆناخێك چووه‌ و چی جۆره‌ ئاوه‌دانییه‌ك له‌ كوردستان هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌. له‌ داهاتووشدا پارتی، به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ زیاتر ئاوه‌دانكردنی كوردستان".
 
له‌ وتاره‌كه‌یدا مه‌سرور بارزانی، به‌ڵێنی باشتركردنی خزمه‌تگوزارییه‌كانی دا و باسی‌ له‌وه‌ كرد كه‌ "له‌ رووی ئاوه‌دانییه‌وه‌، ئه‌گه‌ر ته‌ماشا بكه‌ن، له‌ هه‌موو شار و شارۆچكه‌كانی كوردستان، به‌بێ هیچ جیاوازییه‌ك پارتی پشكی شێری هه‌بووه‌ له‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی كوردستان، ده‌زانم كه‌موكورتی زۆره‌ و زۆر شت ماوه‌ بكرێن، له‌ هه‌وڵی جددیداین بۆ ئه‌وه‌ی پێداوستییه‌كان باشتر بكرێت و خزمه‌تگوزارییه‌كان باشتر بكرێن، ئه‌جێندایه‌كی تێروته‌سه‌لمان هه‌بووه‌ و به‌رده‌وامیش ده‌بین له‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و كاره‌ خزمه‌تگوزارییانه‌ی لای ئێوه‌ گرنگن، ئێمه‌ جێبه‌جێیان بكه‌ین. یه‌كێك له‌وانه‌ كاره‌بایه‌ كه‌ ده‌زانم لای هه‌مووتان گرنگه‌، به‌ڵام به‌و به‌رنامه‌یه‌ی ده‌ستمان پێكردووه‌ و به‌رده‌وام ده‌بین له‌ماوه‌یه‌كی زۆر نزیكدا پشت به‌ خودا كاره‌بای 24 كاتژمێریی بۆ هه‌موو كوردستان دابین ده‌كه‌ین".
 
بڕیاره‌ له‌ 20ی تشرینی یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی‌ خولی‌ شه‌شه‌می‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان به‌ڕێوه‌بچێت كه‌ تیایدا سێ ملیۆن و 789 هه‌زار كه‌س له‌ چوار بازنه‌ی هه‌رێمی كوردستان مافی ده‌نگدانیان هه‌یه‌.