ڕوانگە - مام جەلال بە ئـەمری واقیع ڕابەرێکی ڕۆحیی نەتەوەیی بوو بۆ کورد، ئەو دوور لە حیزب و گروپچێتی، بە دوای تەحقیقی مەسەلەی نەتەوەی کوردەوە بوو.
پیاوی قاڵبووی ناو سیاسەتی ناوچەکە بوو، هەڵکەوتووترین سەرۆک و سەکردەی ناوچەکە بوو. سەرنجەکانی مایەی گرنگیپێدانی زۆر بوو لای هێزە گەورەکانی دنیا.
عێراقی نوێی پاش ڕژێمی دیكتاتۆری سەدام، نەخشەڕێگاکەی لە گیرفانی ئەم سەرۆکە بێوێنەیەدا بوو، بۆیە لە شەقامی عەرەبیدا مام جەلال بە دەرگای دڵنیایی (صمام الٲمان) ناوی دەرکردبوو.
سەرۆک تاڵەبانی، نەک چەتری کۆکەرەوەی هەموو عێراقییەکان بوو، بەڵکو ئەندازیاری زۆربەی زۆری دانیشتن و لێک نزیکبوونەوە و ڕێکەوتنەکان بوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بۆیە لە کاتی کۆچی دوایییدا، تۆنی بلێری سەرۆک وەزیرانی پێشووی بەریتانیا وتی: "مام جەلال تەنیا سەرکردەیەکی مەزن نەبوو، بەڵکو دەوڵەتمەداریش بوو.."
تاڵەبانییەکەی یەکێتی و كورد، بە ئەندازەیەک گەورە و نیشتیمانی بیری دەکردەوە، هەمووان بە دۆستی خۆیانیان دەزانی، بەبێ ئەوەی ڕۆژێک ببێتە داردەستی وڵاتێکی بێگانە. ئەو لە ناوخۆیشدا دۆستی سەرجەم چین و توێژەكان بوو، هەر لە مافی ژن و کەمئەندامانەوە بۆ ژیان و ژینگەو ...ھتد. هاوڕێی ڕەخنەگران و لایەنگری بیروڕای ئازاد و دیموکراسی بوو.
حەوت ساڵ لەمەوپێش و لە وەها ڕۆژێکدا، لە ڕۆژی سێ شەممەی 3102017، ئەم ئەستێرە سیاسییەی ئاسمانی سیاسەتی ژیرانە ماڵئاوایی لێ کردین و دوای سێ ڕۆژ بۆ ھەمیشە لە دەباشانی نیشتمان بە خاك سپێردرا.
لە پاش کۆچی دوایی مام، پرۆسەی سیاسی لە هەرێم و عێراقدا هەرگیز نەهاتەوە سەر ڕاستەهێڵی خۆی، هەروەها ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش سەرکردەیەکی دیار و گەورەی لەدەست دا.