ڕوانگە - ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی ڕایدەگەیەنن، لێدوانەکەی سەرۆکى یەکێتى لەبارەى پڕنەکردنەوەى فۆڕمى هەژمارى منەوە هەنگاوێکی باشە، بەڵام کردار شەرتە و بە سەرۆکى یەکێتى دەڵێن: بەکردار واز لە فشارکردن بهێنن و پڕکردنەوەی فۆڕمی هەژماری من بە مووچەخۆران ڕابگرن.

لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئەنجوومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لەبارەى وتەکانی سەرۆکی یەکێتی تایبەت بە هەژماری من، بڵاویانکردەوە، پاشئەوەی دوێنێ ئەنجومەنەکەمان بەیاننامەیەک و هەندێک بەڵگەی ڤیدیۆیی لەسەر بەزۆرەملێ پڕکردنەوەی هەژماری منی بە خانەنشینانی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بڵاوکردەوە و ناڕەزایەتییەکی زۆری موچەخۆران و خەڵکی کوردستانی بەدوای خۆیدا هێنا، ئەمڕۆ بافڵ تاڵەبانی لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریی بانگەشەی هەڵبژاردن لە قەزای کۆیە، هەژماری منی ڕەتکردەوە و داوای لە مووچەخۆران کرد، کە هەژماری من پڕنەکەنەوە و توطين بکەن.

هەروەها دەڵێن: ئێمە لێرەوە بە سەرۆکی یەکێتی ڕادەگەیەنین، کە لێدوانەکەیان هەنگاوێکی باشە، بەڵام کردار شەرتە، ئێوە دەڵێن با هاوڵاتی موچەی خۆی بەنیشتیمانی بکات و هەژماری من پڕنەکاتەوە، لەکاتێکدا توطین ئیشی تاک نیە و ئیشی دەسەڵات و لایەنە پەیوەندیدارەکانە بەو کارە هەستن. چونکە داتا و زانیارییەکانی سەرجەم مووچەخۆران لای دامودەزگا فەرمییەکانە.

ئەوەشخراوەتەڕوو، ئەم وتانەی ئێوە(سەرۆکى یەکێتى) کاتێک لە چوارچێوەی بەڵێنی هەڵبژاردن دەچێتە دەرەوە، کە ڕاستەوخۆ و بەکردار واز لە فشارکردن بهێنن و پڕکردنەوەی فۆڕمی هەژماری من بە مووچەخۆران ڕابگرن، لە هەمان کاتیشدا هەنگاوی کرداریی بنێن بە ئاڕاستەی توطين لە بانکە حکومییە فیدراڵییەکانی وەک ڕەشید و ڕافیدەین.

هەروەها بە بافڵ تاڵەبانى دەڵێن: ئێوە ئەگەر بەجددیتانە و تەنها بەڵێنی بێ کرداری هەڵمەتی هەڵبژاردن نییە، فەرموون بەپێی بڕیاری دادگای فێدڕاڵی، کە پشتئەستوورە بە دەستوری عێراقی فیدراڵ، داتای سنوری دەسەڵاتی خۆتان لەلایە و بیدەن بە وەزارەتی دارایی فیدراڵی، بۆئەوەی ڕێکارەکانی توطين و هاوتاکردنی موچە بۆ هاوڵاتیانی ئەم ناوچەیە تەواوبکرێت، بەوپێیەی کە تەواوی دەسەڵاتەکان لە دەستی خۆتاندایە، دواجار تەوتین دەبێتە جێگرەوەی هەژماری من لە هەموو هەرێمی کوردستاندا.