ڕوانگە - "ئەو شەڕەی ئێستا لە ناوچەکەدا ڕوودەدات مەترسیدارە بەتایبەت ئەگەر ئیسرائیل بەوشێوەیە لەڕووی هێزەوە هەژموونی خۆی بەسەر ناوچەکەدا زاڵبکات."

لە وتووێژی لەگەڵ پەیامنێری ڕوانگە، حسێن کەرکوکی، شارەزای کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕایگەیاند:"ئەو بارودۆخەی کە ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هاتۆتەئاراوە، ناتوانین وەک پێویست خوێندنەوەی ورد بۆ ئەوە بکەین کە بزانین ئەم گرفتانە لەکەیەوە سەریان هەڵداوە و چەند ڕۆژێکی دیکە شەڕی نێوان ئیسرائیل و غەزە دەبێت بە ساڵێک، بۆیە ئەمە درێژی هەیە لەبەر ئەوەی سیستەمی دەسەڵاتداری جیهانی تاوەکو ئێستا بۆ زۆر بابەتی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری  چارەسەری گونجاوی پێنیە، "

وتیشی:"هەردەوڵەتێک لە ڕوانگەی خۆیەوە چارەسەرەکان دەخاتەڕوو، ئەمەریکا پێیوایە ئەو سیستەمەی ئەو ڕاستە و دەیەوێت لە هەموو دنیادا جێبەجێی بکات، ڕوسیا و چین، هەمان بیرکردنەوەیان هەیە بۆ چارەسەری کێشەکان، لەگەڵ ئەوەشدا یاریزانی ئیقلیمی هەیە وەک ئێران و تورکیا و سعودیە قەتەر و ئیمارات، کە ئەمانەش ڕۆڵیان هەیە، بۆیە ئەم هێزانە لە ڕوانگەی بەرژەوەندی خۆیانەوە تەماشای پرسەکان دەکەن بۆیە ناگەن بە ئەنجامێک، هەرچەندە لەسەر ئاستی ئەوروپا و ناوچەکە و ئاسیای ناوەڕاست زۆر کۆبوونەوە کراوە، بەڵام دەبینین کۆبونەوەکان ئەنجامێکی ئەوتۆیان نییە، لەبەرئەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە دڵی جیهانە چی لەڕابردوو وە لەئێستاشدا بۆیە ئەم عەقڵێتە ناتوانێت چارەسەرێک بۆ ئەم بابەتانە بدۆزنەوە."

حسێن، کەرکوکی، ڕونیشیکردەوە:" ئەم شەڕەی لە غەزە ڕوویدا پەیوەندی بە دوو پرۆژەی سیتراتیژی زۆر گەورەوە هەیە، یەکێک لەوانە پرۆژەی ڕێگای ئاورێشمی وڵاتی چینە، کە دەیەوێت بەکەمترین کات و کەمترین  تێچوو داهاتی خۆی بەرە و ئەوروپا ببات، ڕێگای دووەمیش ئەوەیە کە پێش هەشت مانگ کە کۆبونەوەی G20 کرا و تیایدا ئەمەریکا و هێزەکانی دیکە هێڵێکیان دانا و ناویان لێناوە هێڵی "بەهارات" کە لە هیندەوە بۆ ئیمارت و سعودیە و ئوردن و ئیسرائیل و لەوێشەوە بۆ ئەوروپا، بۆیە بەشێک لەم ململانێیانەی کە ئێستا ڕوودەدات بۆخۆی گرێدراوە بە مەسەلە ئابووریەکەوە، لەبەرئەوە دەبینین ململانێیەکی تووند لە نێوان ئەمەریکا و چین هەیە لە بابەتی ئابووری و هەردوولا لەسەر ئەم پرسە ناگەن بە هیچ ئەنجامێک بۆیە ئەم دوو هێڵە دوو هێڵی ستراتژییە بۆ گەیاندنی شمەک و کاڵا لە چین و هیندەوە بۆ ئەوروپا، لەبەرئەوە ئەوروپاش دوای جەنگی ڕوسیا و ئۆکرانیا ڕووبەڕووی قەیرانی سوتەمەنی بووەتەوە و ئەو هاوکاریە دارایەشی کە دەیدەن بە ئۆکرانیا هیچ ئەنجامێکی نەبووە بۆیە ئەم ململانیانە بەردەوام دەبێت، هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد" ئەو شەڕەی ئێستا لە ناوچەکە ڕوودەدات مەترسیدارە بەتایبەت ئەگەرئیسرائیل بەوشێوەیە لەڕووی هێزەوە هەژموونی خۆی بەسەر ناوچەکەدا زاڵبکات بێگومان باڵانسی هێز دەگۆڕێت، لەبەرئەوە ئێستا ئیسرائیل هیچ سنورێک نازانێت و ئەمەش وادەکات ئەم جەنگە درێژە بکێشێت و بەشێک لە دەوڵەتەکانیش پێویستیان بەوەیە درێژە بکێشێت، لەناوخۆدا قەیرانیان هەیە و باشترین ڕێگاش بۆ دەربازبوون ئەوەیە شەڕی دەرەوەبکەن، بۆئەوەی هەموو هێزێکیان بۆ ئەو جەنگانە تەرخان بکەن و کێشەکانی ناوخۆ لەبیربکەن، ئەوەی هەیە ئەوەیە هەوڵێک هەیە بۆئەوەی ئاگربەست ڕابگەیەنرێت، بەڵام ئەوەش چارەسەرنییە، چونکە چارەسەرەکان چارەسەری ڕیشەی نین، بۆیە ئەگەر کۆبونەوەیەکی نێودەوڵەتی نەکرێت لەسەرپرسەگرنگەکان، ئەوا ئەم ململانێیانە درێژەی دەبێت."

لەبارەی قوڵبونەوەی ململانێکان و پێگەی هەرێمی کوردستان لەناو ئەم ململانێیانەدا و ڕۆڵی حکومەتی هەرێم بۆ پاراستنی کوردستان لەم جەنگە، حسێن کەرکوکی، شارەزای کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، باسی لەوەکرد:" حکومەتی هەرێم ماوەیەکی زۆرە لە ڕووی پەیوەندی نێودەوڵەتی و خوێندنەوەیەکی ستراتیژی بۆ ئەو گۆڕانکاریانەی کە لە ناوچەکەدا دەکرێت زۆر لاوازە، لەبەر ئەوە ململانێیەکی سیاسی تەسک لە کوردستاندا هەیە، هەروەها ماوەیەکی زۆرە هەڵبژاردن ئەنجام نەدراوە، دەزگاکان تاڕادەیەک شەرعێتیان نەماوە و نەیتوانیوە کێشەکانی لەگەڵ بەغدا چارەسەربکات بۆیە ئەوەی ڕوونە هەرێمی کوردستان تائستا ئامادەنییە بۆ گۆڕانکاریەکان ، لەبەرئەوەی لایەنی دەسەڵات دابەشبووە بەسەر ئەجندای دۆلی و ئیقلیمی و خۆی خاوەنی پرۆژە و بەرنامەیەکی ستراتیژی نییە، بۆیە تائێستا هەرێمی کوردستان بووە بە بەشێک لەو میحوەرانەی کە لە ناوچەکەدایە و نەبووە بە یاریزانێکی سەرەکی، بەڵکو  لە بەرژەوەندی ئەو هێزانەی کە لە ناوچەکەدا هەیەکاردەکات کە ئەوەش مەترسیەکی گەورەیە، لەگەڵ ئەوەشدا هێزە ئۆپۆزیسۆنەکانیشمان  نەدیوە ئەوانیش خاوەن پرۆژەیەکبن کە خۆیان بگونجێنن لەگەڵ ئەو گۆڕانکاریانەی کە لە ناوچەکەدا  ڕوودەدات و ئەی پێگەو ڕۆڵ و کاریگەری ئێمە چییە؟ لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان دەیتوانی ڕۆڵێکی باش ببینێ هەم لەسەر ئاستی ئیقلیمی و هەمیش لەسەر ئاستی عێراق،بەڵام بەداخەوە لەبەرئەوەی عەقڵێتی هەرێمیش لەچوارچێوەی حزبێک و ناوچەیەکدا نەچووەتەپێش بۆیە بۆیە بووە بەبەشێک لە ئەجیندای هێزەکانی ناوچەکە کەئەمە مەترسییەکی گەورەیە و ئەگەر ئەم هەڵبژاردنە نەکرێت ئەوا مەترسییەکان گەورەتر دەبێت."