ئەندامێکی فراکسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاندووە کە هاتنی 200 ملیار دینارەکەی بەغدا ڕاست نییە و ڕێکەوتنی حکومەتی هەرێم و ناوەندیش لە سەر بودجە نەبووە.
عەلی حەمەساڵح لە نووسینێکدا کە لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبوک بڵاویکردووەتەوە، ڕایگەیاندووە کە لە ئێستادا نرخی نەوت بەرز بووەتەوە، داهاتی گومرکیش زیاتر بووە و بە پێی نرخی دۆلاری ئێستایە، بەڵام حکومەت بڕیاری لێبڕینی مووچەی وەک خۆی هێشتووەتەوە و باس لە چاکسازیش دەکات کەچی هیچ ئاماژەیەک لە سەر چاکبوونیش نییە.
ناوبراو هەروەها ڕایگەیاندووە کە ئەو پارەی لە ماوەی ساڵی ڕابردوو لە مووچەخۆر بڕدراوە، نەکراوە بە قەرز و پاشەکەوت، بەڵکوو بە ناوی خۆگونجاندن بردراوە و تەواو بۆ هیچ فەرمانبەرێک لە سەر حکومەت وەک قەرز و پاشەکەوت هەژمار نەکراوە و بڕەکەشی دوو ترلیۆن و 298 ملیار دینار دەکات./.