ڕوانگە - بەرپرسێکی ڕووسیا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند سەرۆکی ئەو وڵاتە، ڤلادیمیر پوتن ڕۆژی هەینی لە کۆڕبەندێکدا لە تورکمانستانی ناوەڕاستی ئاسیا لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئێران مەسعود پزیشکیاندا کۆدەبێتەوە.
یوری یوشاکۆڤ وتی " ئەم کۆبوونەوەیە گرنگییەکی گەورەی هەیە بۆ تاوتوێکردنی پرسەکانی نێوانییان و هەروەها بۆ تاوتوێکردنی پەرەسەندنی بەرچاویی گرژییەکانیش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا."
سەرکردەکانی وڵاتانی ناوەڕاستی ئاسیا بە بۆنەی یادکردنەوەی سێسەدهەمین ساڵیادی لە دایکبوونی شاعیری سەدەی 18 ماگتیمگولی پیراگی لە تورکمانستان کۆدەبنەوە.
هەفتەی ڕابردوو سەرۆک وەزیری ڕووسیا میخایل میشوستین سەردانی ئێرانی کرد و لەگەڵ پزیشکیان و جێگری یەکەمی سەرۆک محەمەد ڕەزا عاریفدا کۆبووەوە.
گفتوگۆکان لە کاتێکدان کە ئیسڕائیل هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر حزبوڵای هاوپەیمانی ئێران لە لوبنان زیاتر کردووە، هەروەها ڕووسیاش هەندێک لە هاووڵاتیانی لە ناوچەکەدا گواستووەتەوە.
ڕووسیا پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ ئێراندا هەیە و وڵاتانی ڕۆژئاواش تارانییان تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی دابینکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەک بۆ مۆسکۆ. ئێران ئەوە ڕەت دەکاتەوە.
پزیشکیان لە ماوەی سەردانەکەی ئەم مانگەشیدا بۆ ڕووسیا چاوی بە پوتن دەکەوێتەوە و بەشداری لە لوتکەی بریکسدا دەکات.