ڕوانگە - لە ماوەی حەوت ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ١٠٠ پرۆژەی جۆراوجۆر لە سنوری شارەوانی کەلار ئەنجام دراوە و لێپرسراوی پرۆژەکانی شارەوانی کەلاریش ڕایدەگەیەنێت: «هەرچەندە لەم دوایانەشدا بوودجەی باش لە بەردەستدا نەبووە، بەڵام لەسەر بوودجەی داهاتی شارەوانی توانیومانە هەموو گەڕەکەکان سودمەندبن لەو پرۆژانە.»
ئەندازیار دلێر حەسن حسێن، لێپرسراوی پرۆژەکانی شارەوانی کەلار، بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند: «ئەوەی ئێمە جەختمان کردۆتەوە لەسەری لەساڵانی ڕابردووداشدا ئەوەیە خزمەتگوزاریە بنەڕەتیەکان، بەتایبەت ئاوەڕۆ و ڕێگاوبان و سەوزای گرنگی زۆری پێبدرێت و بەردەوام کاریان تێدابکرێت.»
وتیشی: «بە نیسبەت ئاوەڕۆوە هەوڵمانداوە هەموو گەڕەکەکان سودمەندبن لێی و زۆریشیان جێبەجێ کراوە و دەتوانین بڵێین: ٩٥٪ گەڕەکەکانی کەلار ئاوەڕۆیان بۆکراوە و تەنها هەندێک گەڕەک ماوە کە بەزیادەڕۆ دروستکراون، ئەوانیش لە بەرنامەماندایە کۆڵانەکانیان ڕێکدەخرێتەوە و ئاوەڕۆیان بۆ دروست دەکرت، هەروەها سەبارەت بە باخچە و سەوزای هەوڵێکی باش دراوە و گرنگی زۆری پێدراوە و لە ڕاستیشدا دەیبینین کە ڕێژەی سەوزای زۆرباشە لە کەلاردا و هەروەها هەرکەموکورتییەکیش هەبێت هەوڵمانداوە چارەسەری بکەین.»
ئەندازیار دلێر حەسن حسێن، لێپرسراوی پرۆژەکانی شارەوانی کەلار، ڕونیشیکردەوە: «لە بوای ڕێگاوبانیشدا لە بەرنامەماندایە کە هەموماڵێک نزیک ١٥٠م بۆ ٢٠٠م بتوانێت بگاتە سەر شەقامی قیی سەرەکی، کە ئەوەشمان جێبەجێ کردووە، بۆیە هەرچەندە لەم دوایانەشدا بوودجەی باش لە بەردەستدا نەبووە، بەڵام لەسەر بوودجەی داهاتی شارەوانی توانیومانە هەموو گەڕەکەکان سودمەندبن لەو پرۆژانە.»
لێپرسراوی پرۆژەکانی شارەوانی کەلار، ئاماژەی بەوەشکرد: بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی شاری کەلارەوە خەڵکێکی زۆر ڕووی تێدەکات، ئەمەش وایکردووە فراوانبوونێکی زۆری بەخۆوە بینیوە جیاواز لە شارەکانی دیکەی عێراق و هەرێمی کوردستانیش.»
ئەندازیار دلێر حەسن حسێن، لێپرسراوی پرۆژەکانی شارەوانی کەلار، باسی لەوەشکرد: « هەرچەندە تائێستا شارەکە ماستەرپلانی بۆ دانەنراوە، بەڵام هەوڵمانداوە کار لەسەر ئەوەبکەین شارەکە بەجۆرێک ڕێکبخرێت کە لە ئاستێکی پێویستی هونەری و ئەکادیمی و زانستیدابێت، بۆیە بە بەردەوام لە گفتوگۆدابوینە لەگەڵ نوسینگە تایبەتییەکانی بواری نەخشەدانان لە دەرەوەی شارەوانی، هەروەها زانکۆ و کشتوکاڵ و ئیدارەی گرمیان و هەر کەسێک کە بزانین تایبەتمەندییەکی هەیە گفتوگۆمان لەگەڵدا کردووە بۆئەوەی ئەو فراوانبونانە بەشێوەیەکی دروست بەڕێوەبچێت و نەخشەی تایبەتی بۆ بکرێت و خۆشبەختانە کاریان لەسەرکراوە و هەموو ئەو پرۆژە وەبەرهێنانەی کە کراوە قسەمان لەگەڵیاندا کردووە کە لەسەر ئەرکی خۆیان شەقامە سەرەکیەکان دروست بکەن و خۆشبەختانە ئێستا ئەو هەموو پرۆژە خزمەتگوزاریانە دەبینرێت.»