ڕوانگە - پەرلەمانی ئەوروپا داوا لە پەرلەمانی عێراق دەكات دەستبەجێ هەمواری یاسای باری كەسێتی رەتبكاتەوە چونكە لێكەوتەكانی ئەو هەنگاوە پابەندییەكانی عێراق پێشێلدەكات لەبارەی مافە بنەڕەتیەكانی ژنان.

پەرلەمانی ئەورپا، داوا لە پەرلەمانی عێراق دەكات دەستبەجێ‌ تەواوی هەمواری پێشنیاركراو بۆ یاسای كاروباری كەسێتی رەتبكاتەوە.

بەگوێرەی بەیاننامەیەكی فەرمی، ئەندامانی پەرلەمانی ئەورپا هۆشداریانداوە لە لێكەوتەكانی ئەو هەنگاوە، كە پابەندییە نێودەوڵەتییەكانی پێشیلدەكات لەبارەی مافە بنەڕەتیەكانی ژنان.

پەرلەمانی ئەوروپا، ستایشی ئەو ژنانەی كردوە كە ئیدانەی هەموارەكەیان كردوە بە ئەندامە ژنەكانی پەرلەمانی عێراقیشەوە، وێڕای رێكخراوە ناحكومییەكان و چالاكان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، كە دەجەنگن لەپێناو پارێزگاریكردن لە یەكێك لە پێشكەوتوترین یاساكان لەسەر ئاستی ناوچەكە.

پەرلەمانی ئەوروپا پێشیانوایە، یاسای سزادان پارێزگاری یاسایی لە ژنان و منداڵانی قوربانی توندوتیژی ناو خێزانەكان ناكات لە عێراق، بەوەش ئەگەر هەمواركردنی یاسای باری كەسێتی دابڕێژرێت، دەبێتە مایەی جێبەجێكردنی توندتری ئەو یاسایە.

پەرلەمان ئەوروپا لە بڕیارێكدا كە دوێنی پەسەندیكرد، داوای لە عێراق كرد پلانێكی كاری نیشتمانی پیادەبكات، بۆ نەهێشتنی بەشودانی منداڵان و بەتاوان ناساندنی دەستدرێژی هاوسەری و روبەڕوبونەوەی توندتیژی خێزانی و پتەوكردنی مافی ژنان و كچان، بەجۆرێك هاوشان بێت لەگەڵ رێككەوتنی نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ نەهێشتی هەمو شێوازەكانی نەهێشتنی جیاكاری دژی ژنان.