ڕوانگە - هاوکات لەگەڵ ئاماژەکانى دەستپێکردنى پرۆسەى ئاشتى لە تورکیا، ماڵپەرى ئەلمۆنیتۆری ئەمریکى ئاشکرایکردووە، ئۆجەلان لەگەڵ ئەنقەرە و قەندیل لە گفتوگۆدایە.

بەگوێرەی هەواڵێکی پێگە ئەمریکییەکە کە پشتی بە سێ سەرچاوەی "ئاگادار"ـی دۆسیەی کورد لە تورکیا بەستووە، لەپێناو دەستپێکردنی گفتوگۆی کردەیی و جددی لەنێوان تورکیا و عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە"، گفتوگۆی سەرەتایی دەستیپێکردووە.

یەکێک لە سەرچاوەکان ئاماژەی بەوەکردووە، رێگە بە ئۆجەلان دراوە گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی پەکەکە لە قەندیل بکات و ئۆجەلان بە بەرپرسانی پارتەکەی گوتووە، کاتی ئەوە هاتووە گفتوگۆ لەبارەی چەکدادان بکرێت.

وەک سەرچاوەکە دەڵێت، "کاتێک بەرپرسانی پەکەکە باسیان لە چارەنووسی خۆیان کردووە لە پاش چەکدانان، ئۆجەلان توڕە بووە و تەلەفۆنەکەی داخستووەتەوە."
سەرچاوەیەکی دیکەش ئاماژەی بەو کێشەیە کردووە کە لە کاتی تەلەفۆنەکەدا روویداوە، بەڵام روونکردنەوەی زیاتری نەداوە.

سەرچاوەی سێیەمیش بە پێگەکەی گوتووە، "دەتوانین بڵێین پڕۆسەیەکی نوێی چارەسەریی دەستیپێکردووە."

چەند رۆژێکە دۆخێکی نوێی سیاسی لە تورکیا هاتووتە ئاراوە، ئەوەش دوای ئەوە هات، یەکی ئەم مانگە و لە رێورەسمی دەستپێکردنی ساڵی نوێی یاسادانان لە پەرلەمانی تورکیا، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە چووە لای تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی دەم و پەرلەمانتارانی ئەو پارتە و تەوقەی لەگەڵ کردن و هەواڵی پرسین.