ڕوانگە - هەوڵەکان بۆ ڕاگرتنی جەنگ لە نێوان ئیسرائیل  و حزبوڵڵای لوبنان بەردەوامیان هەیە و لەوچوارچێوەیەشدا  سەرۆکی فەرەنسا داوای دەستبەجێ ڕاگرتنی شەڕ دەات.

ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا له‌ڕێگه‌ى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى لوبنانه‌وه‌ داوا لە حزبوڵڵاى لوبنان‌ ده‌كات، دەستبەجێ شەڕ ڕابگرێت‌و هێرشی دیكە نەكاتەسەر ئیسرائیل.

ماكرۆن دڵەڕاوكێی خۆی بۆ دۆخی لوبنان دەربڕیوەو ترسی هەبوە لەفراوانبونی هێرشەكان‌و زۆریی قوربانییەكان‌و ئاوارەبونی زیاتری خەڵكی لوبنان، هەروەها به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى تەندروستیی لوبنان ئاشكرایكردوه‌، ڕۆژی شەممە، ئیسرائیل لەهێرشە ئاسمانییەكانی بۆ سەر باشووری لوبنان، نۆ كەسی كوشتوە.

سەرۆكایەتیی فەرەنساش ڕایگەیاندوە، "هەوڵەكانی بۆ ڕاگرتنی جەنگ لەلوبنان بەردەوامدەبن‌و لەو چوارچێوەیەدا، كۆنگرەیەكی نێودەوڵەتی لە 24ی ئه‌م مانگه‌ بۆ پشتیوانیی گەلی لوبنان‌و پاراستنی سەروەرییەكەی دەبەستێت".

ماكرۆن زیاتر جەختی لەپابەندبونی وڵاتەكەی بەچوارچێوەی هێزە كاتییەكانی نەتەوەیەكگرتوەكان لەلوبنان (یونیفیل) كردوەتەوەو ناڕەزایی بەرامبەر بەئامانجگرتنی ئەو هێزانە دەربڕیوە.