ڕوانگە - بە بۆنەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانەوە کەجەکە، ڕاگەیەنراوێکی بڵاو کردووەتەوە و کەجەکە، لە ڕاگەیەنراوەکەدا داوادەکات کە خەڵکی هەرێمی کوردستان بە وشیارییەوە بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگیان بۆ ئەو هێز و لایەن و کاندیدانە بێت کە وڵاتپارێزن و هێڵی خیانەت و چاوساغانی داگیرکەران ڕەتبکەنەوە.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئەوەشخراوەتەڕوو:" گەلەکەمان دەبێت لە هەڵبژاردنی ٢٠ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ـدا لەسەر ئەم بنەمایە هەڵسوکەوت بکات و ئیرادەی خۆی بە شێوەیەکی بەهێز نیشان بدات. دەبێت هێز و کاندیدە وڵاتپارێزەکانیش خاوەنداریی لەم هەڵوێستەی گەلی کوردستان بکەن و لە دژی هێڵی هاوکار و خیانەت، هێڵی وڵاتپارێزیی و ڕەگەزە دیموکراتیکەکان بە بنەما بگرن و بەم شێوەیە درێژە بە کارەکان بدەن".
ئەوەی شایەنی تێبینی کردنە و ئەم ڕاگەیەنراوە لە ڕاگەیەنراوەکانی دیکەی کەجەکە جیا دەکاتەوە، ئەوەیە هیچ ئاماژایەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی تێدا نییە وەک هاندانی خەڵک کە دەنگ بە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بدەن و هەروەها بە هەموو جۆرێک ڕەتی دەکەنەوە خەڵک دەنگ بە پارتی دیموکراتی کوردستان بدات، چونکە بە هێڵی خیانەت و خزمەتکاری دووژمنانی کورد و کوردستانیان دەزانن.