ڕوانگە - هەمووان چی لەناوخۆ و چی لەدەرەوەی کوردستانیش بەگرنگەوە، لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەڕلەمانی کوردستان دەڕوانن. کە بڕیارە ڕۆژی ٢٠ ئەیلولی ٢٠٢٤ بەڕێوەبچێت و ئەندامێکی مەکتەبی سیاس پارتی دیموکراتی کوردستانیش ڕایدەگەیەنێت: « ئێمە پێمانخۆشبوو هەرزوو لەکاتی خۆیدا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، ئێستاش ئەم هەڵبژاردنە زۆر گرنگە، لەبەرئەوەی پەڕلەمان ئێستا هەڵوەشاوەتەوە و ئەگەر هەڵبژاردن نەکرێت ئەو دەزگا گرنگ و یاسایی و شەرعیەی کە بە خوێن و فرمێسکی خەڵکی کوردستان دروستکراوە نامێنێ.»
هیوا ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند: «بەشێوەیەکی گشتی هەڵبژاردنەکە زۆر پێویستە، چونکە ئەم هەڵبژاردنە بەسەرچووە و لەکاتی خۆیدا ئەنجام نەدراوە و دەبوو زوتر ئەنجام بدرێت، هەروەها ئێمە کاتی خۆیشی وەک پارتی دیموکراتی کوردستان و هەڤاڵانی ئێمە لە فراکسیۆنی پارتی لە پەڕلەمان زۆر پێداگیرییان کرد بۆئەوەی کە تەمەنی پەڕلەمان درێژنەکرێتەوە ، بەڵام دیاربوو یەکێتی و هەندێک لە فراکسیۆنەکانی دیکە پێداگربوون لەسەرئەوە بۆیە تەمەنی پەڕلەمان درێژکرایەوە ئەگینا ئێمە وەک پارتی ئەوەمان نەدەویست.»
وتیشی: «ئێمە پێمانخۆشبوو هەرزوو لەکاتی خۆیدا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، ئێستاش ئەم هەڵبژاردنە زۆر گرنگە، لەبەرئەوەی پەڕلەمان ئێستا هەڵوەشاوەتەوە و ئەگەر هەڵبژاردن نەکرێت ئەو دەزگا گرنگ و یاسایی و شەرعیەی کە بە خوێن و فرمێسکی خەڵکی کوردستان دروستکراوە نامێنێ، کەواتە تاڕادەیەکی زۆر ئاماژەی پرسیار دەخاتەسەر تێکڕای دەزگاکانی وڵاتەکەمان، لەبەرئەوەیە زۆر گرنگەو هەروەها ئێمەش وەک پارتی دیموکراتی کوردستان، بەهەمانشێوە بەگرنگی دەزانین، چونکە ئێمە خەمخۆری میللەتی خۆمانین و لەسەرەتاوە تائێستا پارتی یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی ئەم پەڕلەمانە و وە لەسەرپێشنیاری سەرۆک بارزانی لە ١٩٩١/٣/٢٢ لە کۆیە، پێشنیاری هەڵبژاردنی کردوو بۆیە ئێمه هەمیشە سورین لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن و پرۆسەیەکی دیموکراسیشە و پێویستە خەڵک لەسەری ڕابێت.»
هیوا ئەحمەد، ڕونیشیکردەوە: «دەرئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنە نەک تەنها لە ناوخۆدا، بەڵکو لەدەرەوەش گرنگی و بایەخی خۆی هەیە و بەتایبەت بە نیسبەت حکومەتی عێراقەوە، چونکە ئەوکات ناتوانن لەدورەوە حکوم لەسەر ئێمە بدەن، چونکە ئێمە دوای هەڵبژاردن دامودەزگای شەرعی خۆمان دەبێت و خۆمان لە پەڕلەمانەوە چاودێری کاروبارەکانی حکومەت و پرۆژە یاساکان دەکەین، لەبەرئەوە ئەم پرسە بۆئێمە پرسێکی گرنگ و پێویستە.»
هیوا ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، باسی لەوەشکرد: «بۆ ئەم هەڵبژاردنە تاوەکو ڕێژەی بەشداری خەڵک زیاتربێت ئەوەندە گرنگییەکەی زیاترە و هەربۆیە ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان داوا لە تەواوی خەڵکی کوردستان و لایەنگرانمان دەکەین کە بەشداری لە پرسی هەڵبژاردندا بکەن و بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەشڵێم دەنگ بە پارتی بدەن، چونکە حیزبێکی برپرسیارە و لە ئاستی ئەو ڕووداوانەی کە ڕوودەدەن خۆی بە بەرپرس دەزانێت و لە بەرپرسیارێتی خۆی ناشارێتەوە و خۆی لە حکومەت ناکشێنێتەوە و بەرگری لە خەڵک و خاکی کوردستان دەکات.»
لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی کە باس لەوەدەکەن ئەگەری ئەوە هەیە لەم چەند ڕۆژەدا ڕووداوێک ڕووبدات و هەڵبژاردن دوابکەوێت هیوا ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەوەشی خستەڕوو: «ڕاستە ناوچەکە بەدۆخێکی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت، بەڵام بەومانایەش نییە کەپەیوەندی بەهەڵبژاردنەوە هەبێت و بۆیە لەکاتی خۆیدا هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت و ئەو دەنگۆیانەش بۆئەوەیە خەڵک ساردبکەنەوە و خەڵک نابێت گوێ بەو دەنگۆیانە بدات، چونکە ئەو ڕووداوانەی لەم ناوچەدا ڕوودەدات هیچ پەیوەندییەکی بە ئێمەوە نییە و ئێمە بەشێوەیەکی گشتی هەڵبژاردنی خۆمان دەکەین و وە ئەو پەلامارانەش کەهەن مەترسیان لەسەر کوردستان نییە و تائێستا ئەمنیەتی کوردستان پارێزراوە و ئەگەر بارودۆخەکە وەک ئێستابێت هەڵبژاردن دەکرێت، ئەگەر دۆخەکە پاڵۆزتربێت دیسانەوە هیچ پەیوەندیەکی بەئێمەوە نابێت و ئێمە هەڵبژاردنی خۆمان دەکەین.»