ڕوانگە - دوا بەدوای چەندین کۆبوونەوەی یەک بەدوای یەکی سەرۆکی فەرمانگە و جێگری سەرۆکی فەرمانگەکە لەگەڵ بەرێوەبەرایەتیەکانی فەرمانگە وەک بەشێک لە ئاسانکاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کەمکردنەوەی رۆتین و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکان، فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان بڕیاریدا گۆڕانکاریی گرنگ لە سیستەمی دەرچوونی بڕیاری کارگێڕی بۆ ڕێکخراوەکان ئەنجام بدات.
لە هەفتەی داهاتوودا چەند گۆڕانکارییەکی گرنگ جێبەجێ دەکرێن لەوانە:"
1. ماوەی کارپێکردنی بڕیاری کارگێڕی ڕێکخراوەکان لە ساڵێکەوە درێژ دەکرێتەوە بۆ دوو ساڵ.
2. ڕێکارە کارگێڕییەکانی پەیوەست بە دەرچوونی بڕیاری کارگێڕی سادە دەکرێنەوە بۆ خێراکردنی پرۆسەکە.
3. پرۆسەی دەرچوونی بڕیاری کارگێڕی لە کەمترین ماوەی کارکردندا تەواو دەکرێت بۆ نموونە ئەگەر رێکخراو کێشەی یاسایی نەبێت ئەوا بە چەند سەعاتێک بڕیاری کارگێریەکەی بۆ دەردەچێت .
ڕێنمایی و زانیاری تەواو بۆ ڕێکخراوەکان دەخرێتە بەردەست و دەتوانن بە میکانیزمی تازە کار بکەن.
بڕیاری کارگێڕی بەڵگەنامەیەکی فەرمی و گرنگە کە لەلایەن فەرمانگەوە بۆ ڕێکخراوە تۆمارکراوەکان لە هەرێمی کوردستان دەردەچێت. ئەم بەڵگەنامەیە بۆ ئاسانکاری و ڕێکخستنی پەیوەندی و کاری ڕێکخراوەکانە لەگەڵ دامودەزگا حکومی و فەرمی و نافەرمییەکان بەکاردێت.
ئەم هەنگاوانە لە چوارچێوەی ستراتیژی حکوومەتی هەرێمی کوردستانن بۆ پەرەپێدانی کەرتی ڕێکخراوە ناحکومییەکان و کەمکردنەوەی ڕۆتین.
داوا لە ڕێکخراوەکانی کوردستان، عێراق و بیانی لە هەرێمی کوردستان دەکرێت ئاگاداری ئەم گۆڕانکارییانە بن. بۆ هەر پرسیارێک یان ڕوونکردنەوەیەکی زیاتر، دەتوانن پەیوەندی بە فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکان بکەن.
.