ڕوانگە - نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بارەی گوتاری لایەنەکان لە کاتی بانگەشەی هەڵبژارندا دەڵێت، "بانگەشەی هەڵبژاردن جیاوازە لەو واقیعەی کە دێتە پێش" و "قۆناخێکی نوێ لە رۆژانی داهاتوودا" دەستپێدەکات کە وا دەخوازێت هەموو لایەنەکان پێکەوە بۆ "بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان" دابنیشن.
ئەمڕۆ (یەکشەممە، 20-10-2024) نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوای ئەوەی لە بنکەیەک لە هەولێر دەنگی دا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا ئاماژەی بەوە کرد پێی وانییە ئەو گوتارە تووندەی لایەنەکان لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بەرامبەر یەکدی بەکاریانهێنا، ببێتە رێگر لە بەردەم دانوستاندنەکانی دوای هەڵبژاردن بۆ پێکهێنانی حکومەت.
لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانێکدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە پێکەنینەوە گوتی، "خۆی بانگەشەی هەڵبژاردن واتە ئەو شتانە [...] بانگەشەی هەڵبژاردن واتە هەندێ جار تووندە؛ هەندێ جار نەرمە،" بەڵام گوتیشی، "بانگەشەی هەڵبژاردن جیاوازە لەو واقیعەی دێتە پێش. ئەوەی گرنگە ئەوەیە؛ دەبێت پێکەوە دابنیشین".
نێچیرڤان بارزانی کە هاوکات جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانە، رایگەیاند، "کوردستان موڵکی یەک لایەن و یەک حیزب نییە؛ هی ئەم میللەتەیە هەمووی پێکەوە، لەبەرئەوە بە تەئکید قسەکردن لەگەڵ یەکدی، دانیشتن لەگەڵ یەکدی هەر لە رۆژانی ئاییندەوە دەستپێدەکرێت"؛ گوتیشی، "بانگەشەی هەڵبژاردن تەواو و قۆناخێکی نوێ دەستپێدەکرێت. ئەم قۆناخە پێویستی بەوەیە لایەنەکان لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی هەرێمیی کوردستان و هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بڕیاری خۆیان بدەن".
پەیامی سەرکردەی لایەنەکان بۆ دوای هەڵبژاردن
هاوکات قوباد تاڵەبانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بنکەیەکی شاری سلێمانی دەنگیدا.
لە وەڵامی ئەوەی "ئایا لە دوای هەڵبژاردن ئارامی دەگەڕێتەوە؟" قوباد تاڵەبانی گوتی، "ئێمە هەرگیز تێکدەر نەبووین".
بەهەمان شێوە عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵەی دادگەری، دوای ئەوەی لە شاری هەولێر دەنگیدا، رایگەیاند، "چاوەڕێی ئەوە دەکەم [دوای هەڵبژاردن] لە کەشێکی هێمندا بە تەبایی پێکەوە دابنیشین و رێز لە یەکدی بگرین."
سەڵاحەدین محەممەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانیش کە هەڵبژاردنەکەی بە "گرنگ و چارەنووسساز" ناوبرد، هیوای خواست لە پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان "خاوەخاو نەکرێت".
دوای ئەوەی لە بنکەیەکی سلێمانی دەنگی دا، لە وەڵامی پرسیاری رووداودا سەڵاحەدین محەممەد بەهائەدین گوتی، "چاوەڕوان دەکەین ئەنجامەکان قبووڵبکرێن و هەنگاو بۆ پێکهێنانی حکومەت بنرێت، نەوەک دانیشتن و خاوەخاو بکەن و ساڵێکی پێبچێت".
محەممەد حاجی مەحموودیش دوای دەنگدان لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤاناندا پەیامێکی هاوشێوەی دەربڕی و گوتی، "هەموومان لەسەر خاڵێک رێکین کە دوای هەڵبژاردن پێویستە کۆببینەوە لە یەک هۆڵدا و، بڕیاربدەین حکومەتێکی نوێ دروستبکەین بۆ ئەوەی کاروباری میللەتەکەمان بەڕێوەببات و شەرعیەت بگەڕێتەوە بۆ دادوەری و سەرۆکایەتیی هەرێم و هەموو شوێنەکانی دیکە بتوانن بە شێوەیەکی نوێتر دەست بە کارەکانیان بکەنەوە".
هاوکات لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی لیستی بەرەی گەل پێیوایە، ئەم هەڵبژاردنە "گۆڕانکاری ریشەیی دێنێتە کایەوە."
لە بارەی ئەوەی "ئایا لە حکومەتی داهاتوودا بەشدار دەبن یان نا؟" لاهور شێخ جەنگی گوتی، "ئەمە هەڵدەگرین بۆ دوای هەڵبژاردن. ئێمە ناڵێین کە ئایا دەچینە نێو حکومەتەوە یان دەبینە ئۆپۆزیسیۆن."