ڕوانگە ـ لە وتوێژی لەگەڵ پەیامنێری ڕوانگە، مامۆستا حسێن کەلاری بەرپرسی میحوەری کەلارـ گوڵان.ی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند:" لەماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا و تەنانەت لە ڕۆژی هەڵبژاردنیشدا خۆشبەختانە هیچ ڕووداوێکی نەخوازراو ڕوینەدا، کە ئەمە پێماندەڵێت پێگەیشتنێکی زۆرباش دروستبووە لەناو کۆمەڵگا و هاوڵاتیان بە هەموو چین و توێژەکانەوە گەیشتوونەتە ئاستی بەرپرسیارێتی و دووردەگرن لە کێشە و گیروگرفت و ڕووداوی نەخوازراو کەئەمە مایەی دڵخۆشییەکی گەورەیە بۆ هەموومان.
وتیشی:" تەنها گرفتێک لە بەڕێووەچونی ئەم پرۆسەگرنگەدا ئەوەبوو کە جیهازی دەنگدان لەوڕۆژەدا کاریان نەدەکرد کە ئەمەش ببووە هۆکارێک بۆئەوەی بەشێک لە هاوڵاتیان بێبەشبن لەومافەی کە هەیانبوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەی مایەی دڵخۆشیبوو ئەوەبوو کە خڵکێکی زۆر ڕوویان لە سندوقەکانی دەنگدان کرد و ئەوەی کە ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان مەبەستمانبوو بەدەستمان هێنا هەرچەندە گرفت لە جیهازەکاندا وایکرد کە ئێمە بەشێکی زۆر لەدەنگەکانمان لەدەستبچێت، بەتایبەت لەسنوری لقی ٢٢ی پارتی لە گەرمیان، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان لە خودی ئەنجامدانی پرۆسەکە و ئەو دەنگانەشی کە پارتی هێناویەتی ڕازین.
لە بارەی هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت مامۆستا حسێن کەلاری بەرپرسی میحوەری کەلارـ گوڵان، ڕونیکردەوە:" پێکهێنانی حکومەت هەروا کارێکی ئاسان نییە و نابێت پێمانوابێت مادام کورسی هێز و لایەنەکان یەکلابووەتەوە بتوانین بەئاسانی حکومەت پێکبهێنین، چونکە پێکهێنانی حکومەت پێویستی بەوەیە کەبزانین کام لە هێز و لایەنەکان بەرەی حکومەت و کام هێزیش بەرەی ئۆپۆزیسۆن هەڵدەبژێرێت کە ئەمەش پێویستی بەکات هەیە بۆئەوەی بەتەواوەتی گفتوگۆیان لەبارەوەبکەین و گفتوگۆکانیش پێویستی بە پشودرێژی هەیە.