ڕوانگە - ڕاگەیاندنی دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەڕلەمانی کوردستان، نیگەرانی قوڵی لەلای زۆرێک لە هێز و لایەنە ئۆپۆزیسۆنەکانی کوردستان دروستکردووە و بەنیازن سکاڵا لەسەر ئەو بابەتە تۆماربکەن،  بەرپرسێکی پارتییش ڕایدەگەیەنێت:" پرۆسەکە بەشێوەیەکی باش بەڕێوەچووە و ئەو تانانەی کە لێی دەدرێت ڕەنگە لە ئاستی ئەوەدانەبێت کاریگەری بکاتەسەر ئەنجامەکان."

ئەکرەم ساڵەح، ئەندامی سەرکردایەتی و بەرپرسی لقی ٢٢ی گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند:" دوای هەڵبژاردن کاتێک پێویستە بۆ دانوستان لە لایەن لایەنە براوەکانەوە، چونکە هیچ هێزێک لە کوردستان 
1+50 ی بەدەست نەهێناوە تاوەکو بتوانێ بەتەنها حکومەت پێکبێنێت، بۆیە حکومەت دەبێت حکومەتێک بێت لە ئەنجامی دانوستان و سازان دروست ببێت بۆیە بێگومان کاتی دەوێت بۆئەوەی بگەیت ڕێکەوتن لەگەڵ ئەو لایەنانەی کە بەشداری لە حکومەتەکەدا دەکەن."

وتیشی:" بەلای پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کە هێزی یەکەم و لیستی یەکەمە دەرگا بەڕووی هیچ لایەنێکدا داناخات و دانوستان دەکات بۆ پێکهێنانی حکومەت. لە بارەی نیگەرانییەکانی هێز و لایەنەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی و کاریگەری  نیگەرانی ئەو هێزانە لەسەر دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان."

ئەکرەم ساڵەح، ڕونیکردەوە:" هەمیشە ئەو هێزانەی کە دەنگ ناهێنن بۆئەوەی لەڕووی جەماوەرییەوە جۆرێک لە بیانو بۆ خۆیان دەهێننەوە، ئەو ناڕەزایەیانە دەردەبڕن، ئەوان مافی خۆیانە کە سکاڵایان کردووە ئەوە لای پارتی و یەکێتی و هیچ هێزێک نییە وەڵامی ئەو ناڕەزایەتیانە بداتەوە، بەڵکو وەڵامەکان لای کۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقە، هەرکات کۆمیسۆن سکاڵاکانی بەهەند وەرگرت ئەوکات ئەوە بابەتێکی دیکە."

ئەکرەم ساڵەح، ئەندامی سەرکردایەتی و بەرپرسی لقی ٢٢ی گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاماژەی بەوەشکرد:"  بەبڕوای ئێمە پرۆسەکە بەشێوەیەکی باش بەڕێوەچووە و ئەو تانانەی کە لێی دەدرێت ڕەنگە لە ئاستی ئەوەدانەبێت کاریگەری بکاتەسەر ئەنجامەکان."