ڕوانگە - ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا داوا لە ئێران دەکات وەڵامی هێرشەکەی بەرەبەیانیی ئەمڕۆی ئیسرائیل نەداتەوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 26ی تشرینی یەکەمی 2024 ئیسرائیل چەند پێگەیەکی لەنێو خاکی ئێران بۆردوومانکرد و بەپێی ڕونکردنەوەکانی ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا چەندین دامەزراوەیی تایبەت بە دروستکردنی درۆن کراوەتە ئامانج.
ئیسرائیل، هۆشداریشی بە ئێران دا کە ئەگەر وەڵامی هێرشەکە بداتەوە، ئەوا باجێکی قورس دەدات، هەروەها شۆن سیڤیت، وتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکاش ڕایگەیاند:"داوا لە ئێران دەکەین هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل بوەستێنێت، بۆئەوەی ئەو زنجیرە هێرش و هێرشکارییە بەبێ تێکچوونی دۆخەکە کۆتاییان بێت."
سیڤیت، ڕونشیکردەوە:"وەڵامەکەی ئیسرائیل لە چوارچێوەی بەرگری لەخۆکردن بوو هەروەها ئسرائیل مەبەستی بوو هێرش بکاتە سەر پێگە سەربازییەکان و ڕەتیشیکردەوە ئەمریکا بەشداریی لە هێرشەکەدا کردبێ."