ڕوانگە - کۆما جڤاکێن کوردستانێ (کەجەکە) کە باڵی سیاسیی پارتی کرێکارنی کوردستان (پەکەکە)یە، پابەندبوونی خۆی بەو پڕۆسەیە نیشاندەدات کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی بزووتنەوەکە پێشکیشیکردووە. 
 
کەجەکە دەڵێت: "نوێنەری چارەسەری دیموکراسییانەی دۆزی کورد، عەبدوڵڵا ئۆجەلانە و ئاشتیی لە تورکیاش بە گەڕانەوە بۆ ئۆجەلان بەرقەرار دەبێت."
 
کەجەکە پێیوایە، دیومکراسیبوونی تورکیا بەندە لەسەر چارەسەرکردنی دیموکراسیانەی دۆزی کورد. 
 
کەجەکە جەخت دەڵێت: ئۆجەلان "ئیرادەی بزووتنەوەکەمان و گەلەکەمانە و نوێنەر و دانوستاندنکاری چارەسەریی دیموکراسیانەی دۆزی کوردیش، هەر ئۆجەلانە." 
 
بەڵام دەشڵێت: "تا ئەو کاتەی هەلومەرجی تەندروست، ئەمنی و کارکردن فەراهەمنەکرێن و تا ئەو کاتەی هەلومەرجی گفتوگۆ و دانوستاندن لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان دروستنەکرێن، نابێت چاوەڕێی ئەوە بکەین عەبدوڵڵا ئۆجەلان رۆڵی خۆی بگێڕێت." 
 
لە بارەی کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەگەڵ عومەر ئۆجەلانی برازاکەی، کەجەکە دەڵێت: "ئەو کۆبوونەوەیەی لەگەڵ ئۆجەلان کرا، بە ئەرێنی دەیبینین، بەڵام گۆشەگیری کۆتایینەهاتووە. هەروەک ئۆجەلان رایگەیاند، گۆشەگیری بەردەوامە."