ڕوانگە - سونەکان ڕێگرن لە هەڵوەشاندنەوەی ئەوبڕیارانەی کە ڕژێمی بەعس لە ڕابردوودا دژی هاوڵاتیانی عێراق بەگشتی داوێتی و بەتایبەت بڕیاری داگیرکردن و دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی هاوڵاتیان و ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش ڕایدەگەیەنێت:" سونەکان بەم دژایەتیکردنەیان دەیانەوێت ئەوە بۆ شەقامی عێراقی بسەلمێنن کە دوای نەمانی حەلبوسی پەڕلەمان نەیتوانیوە کاروبارەکانی ڕایبکات و هەستێتەوە سەرپێی خۆی.

شوان کەلاری، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە فراکسیۆنی پارتی، بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند:" کوتلەی سونە و بەتایبەت ئەو کوتلەیەی کە لایەنگری محەمەد حەلبوسی سەرۆکی لەکار لابراوی پەڕلەمانن، بەجۆرێک لە جۆرەکان داکۆکی لە بڕیارەکانی حیزبی بەعس دەکەن، بەتایبەت ئەو بڕیارانەی کە موڵک و ماڵی خەڵکی پێداگیرکراوە، بەتایبەت موڵک و ماڵی نەتەوەی کورد و تورکمان و شیعەکان."

وتیشی:" ئەوبڕیارانەی بەعس تەنها بۆ ناوچەکوردیەکان و بەدیاریکراوی بۆ کەرکوک نییە، بەڵکو ئەو بڕیارانە بۆ مەخمور و خانەقین و مەندەلی و بەلەد و دووجوێل و زۆر شوێنی دیکە ئەو بڕیارانە کاتی خۆی "مجلیس قیادە سورە" دەریکردووە هەموو ئەو شوێنانەی تێدایە."

شوان کەلاری، ڕونیشیکردەوە:" سونەکان، لە ناوپەڕلەماندا کێشە دروست دەکەن، چونکە ئەو زەویانەی کە داگیرکراوە دراوە بە عەرەبی سونە و ئێستا ئەم عەرەبە داگیرکەرە بەعسیانە خەڵکیان هەیە و نایانەوێت ئەم زەویانە بگەڕێتەوە، دەیانەوێت تەنها لەبەر ئەوەی یاسای لێبوردنی گشتی تێپەڕێت چەند بڕیارێکی کەمی کە لە حکومەتەوە هاتووە تەنها ئەوانە بخرێتە ناو یاساکەوە ."

لەبارەی ئەوەی کە ئایە سونەکان کە بەراورد بە نوێنەرانی کورد و شیعە و تورکمانەکان لە پەڕلەمان کەمینەن چۆن دەتوانن ڕێگری لە تێپەڕاندنی وەها یاسایەکی گرنگ بکەن؟ شوان  کەلاری ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاشکرایکرد:" بەداخەوە شیعەکان هەڵوێستێکی ڕونیان نییە و پشتگیری کوردەکان و سونەکانیش دەکەن، لەبەرئەوەی یاسای باری کەسێکەیان تێپەڕێت بۆیە لەگەڵ هەردوولادا خۆیان دەگونجێنن، ئەگەر نا ئەگەر شیعەکان بیانەوێت و بڕیاربدەن کە ئەمە عێراقی پاش ڕژێمی بەعسە و بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی کە ڕژێمی بەعس بەتەواوەتی هەڵوەشاوەتەوە دەتوانن ئەو یاسایەش تێپەڕێنن و ئەرکی شیعەکانە کە ئاسەواری ئەو غەدرانەی ڕژێمی بەعس کردویەتی هەڵوەشێنێتەوە و نەیان هێڵێت."

لەبارەی درێژدان بە دژایەتیەکانی کوتلەی سونە لە ناوپەڕلەماندا شوان کەلاری ئاماژەی بەوەکرد:" ئێستا گرفتێکی دیکە لەناو پەڕلەماندا هەیە ئەویش ئەوەیە کە سونەکان دەیانەوێت کاروبارەکانی پەڕلەمان بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوامی هەبێت بۆئەوەی بە شەقامی عێراقی بڵێن: دوای نەمانی حەلبوسی، پەڕلەمانیش پەکیکەوتووە و پەڕلەمان نەیتوانیوە کارەکانی ڕایبکات، بەڵام ناتوانن تاسەر درێژە بەم دژایەتیانە بدەن، چونکە کورد و شیعە زۆرینەن لەناو پەڕلەماندا و هەروەها سەرۆکایەتی پەڕلەمانیش لەلای موحسن مەندەلاوی و شاخەوان عەبدوڵڵایە و بە ڕێکەوتنی هەردوکیان نەبێت جەدۆلی کاروبارەکانی پەڕلەمان دانانرێت."