ڕوانگە - حکومەتی عێراق، بڕیاریداوە بۆ ئەمساڵ ڕێژەی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران داببەزێنێت بۆ کەمتر لە نیوەی ئەو ڕێژەیەی کە ساڵی پار لە جوتیارانی عێراق و هەرێمی کوردستانی وەرگرتووە و سەرۆکی ڕێکخراوێکی کشتوکاڵیش ڕایدەگەیەنێت:" بۆئەوەی جوتیارانی کوردستان زیانی زۆریان بەرنەکەوێت پێویست دەکات 50%  زەویەکانیان نەکەن بە بەروبوومی گەنم."

فەریدون مەنسور جاف، رئیس منظمة شهرزور للزراعة والبيئة، بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند:"ساڵانی ڕابردوو حکومەتی عێراق پاڵپشتی دارایی جوتیارانی کردووە بۆ وەرگرتنی گەنم، بەڵام ئەوە بارگرانییەکی گەورەی لەسەر حکومەت دروست کردبوو، چونکە ساڵانی
2023 ـ 2024  حکومەت 6 ملیۆن و 300 هەزار تەن گەنمی  وەرگرتووە، کە 9 ملیۆن دۆنم زەوی چێنراوە بە گەنم و بە پاڵپشتی دارایی عێراق گەنمەکەی وەرگرتۆتەوە، بەڵام ئەمساڵ تائێستا نزیکەی 803 ملیار دیناری پارەی گەنمی ساڵی ڕابردووی هێشتا نەداوەتەوە بەجوتیاران، بۆیە حکومەت بەو بیانوەوە حکومەتی عێراق، دەیەوێت بۆ ئەمساڵ ئەو ڕێژەیە  دابەزێنێت بۆ کەمتر لە نیوە هەم لە ڕێژەی چاندنی گەنم کە کردوویەتی بە 3 ملیۆن و 800 هەزار دۆنم،  لەگەڵ ئەوەشدا 3  ملیۆن و 600 هەزار تەن گەنم وەردەگرێتەوە لە جوتیاران. ئەوش بەپێی چەند مەرجێک و ڕێنمایەکی نوێ، کە بۆ شوێنە دێمەکان وەک پێویست گەنم وەرناگرێتەوە."

وتیشی:" وەزارەتی کشتوکاڵ و بازرگانی و پلاندانی حکومەتی هەرێمی کوردستان گفتوگۆیەکی زۆریان کردووە لەسەر ئەو بابەتە و لە مانگی 8 ەوە چەندین دانیشتن لەسەر ئەو پرسەکراوە و تائێستا 350 هەزار تەن جێگریکراوە بۆ هەرێمی کوردستان، کە ئەوەش بەرامبەر بە ساڵی پار ڕێژەیەکی زۆر کەمە، چونکە ساڵی پار،  پشکی حکومەتی هەرێمی کوردستان 700 هەزار تەن بوو."

فەریدون مەنسور جاف، ڕونیشیکردەوە:" لە ئێستادا 50% زیاتر لەسەر ئاستی هەموو عێراق ڕێژەی وەرگرتنی گەنم دابەزیوە، بۆ ساڵی 2024 بۆ 2025 بەبیانوی ئەوەی وشکەساڵی بەڕێگاوەیە و سویلەی نەقدی نییە، هەروەها نزیکەی 3 ملیۆن و 500 هەزار تەن گەنم  لە گۆڕەپانەکاندا ماوەتەوە و سەرف نەکراوە بۆیە بەو بیانوانە دەیانەوێت پشکی جوتیارنی عێراق و هەرێمی کوردستان کەم بکەنەوە."

فەریدون مەنسور جاف، رئیس منظمة شهرزور للزراعة والبيئة،  ئاشکرایشیکرد:" بۆئەوەی جوتیاران زیانیان بەرنەکەوێت پێویست دەکات لەئێستاوە هەوڵبدەن 50% ـی بەروبوومەکانیان نەکەن بە گەنم، وەک ساڵی پار کە جوتیار هەبوو 100% زەویەکەی کردبوو بەگەنم، بەڵام ئەمساڵ بۆ ئەوەی جووتیار زەرەرمەند نەبێت دەبێت هەموو زەویەکەی نەکات بەگەنم، بەڵکو دەتوانێت بیکات بە بەروبوومێکی دیکە کە ئەوەش سود بە زەویەکەی و خۆیشی دەگەیەنێت، هەرچەندە ئەگەر زیانێک هەبێت بۆ هەموو جوتیارانی عێراقە نەک بەتەنها زیانەکە جوتیارانی هەرێم بگرێتەوە."