ڕوانگە - لاهور شێخ جەنگی ڕایگەیاند: ئەو ساختەکاریی و دیزاینەی بۆ هەڵبژاردنەکانی ٢٠ ی ئۆکتۆبەر کراوە گوزارشتە لە شکستی حوکمڕانیی و ترسی حزبەکانی دەسەڵات لە سەنگی راستەقینەی خۆیان.
لاهور شێخ جەنگی سەرۆکی بەرەی گەل، ڕایگەیاند:" ئەمڕۆ لە بارەگای بەرەی گەل لە شاری هەولێر، لەگەڵ هەریەک لە دکتۆر سۆران جەمال تاهیر و شادمان مەلا حەسەن، پێشوازیمانکرد لە بەڕێز مامۆستا عەلی باپیر سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری و وەفدی یاوەری.
لاهور شێخ جەنگی ڕونیشیکردەوە:" لە دیدارێکی دۆستانەدا، پێکەوە بیروڕامان ئاڵوگۆڕکرد سەبارەت بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ٢٠ ی ئۆکتۆبەر و ئەو ساختەکارییە بەرفراوانەی ئەنجامدراوە و تەئکیدمان لە هەماهەنگی نێوان کۆمەڵی دادگەری و بەرەی گەل کردەوە.
سەرۆکی بەرەی گەل باسی لەوەشکرد:" هەردولا هاوڕا بووین لەسەر ئەوەی کە پێویستە تانەی لایەنە سیاسییە بەشداربوەکانی ئەم هەڵبژاردنە لەبەرچاو بگیرێ، جەختیشمان کردەوە لەسەر ئەو ڕاستییەی کە تێپەڕبوونی هەڵبژاردنەکانی ٢٠ ی ئۆکتۆبەر بەو هەموو ساختەکارییەوە پرسیاری جدی لەسەر کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان و شەرعییەت و مەشروعییەتی پرۆسەی سیاسی دروست دەکات و متمانەی خەڵک بە دامەزراوە نیشتیمانییەکان هێندەی تر لاواز دەکات.
لاهور شێخ جەنگی سەرۆکی بەرەی گەل، ئاشکرایشیکرد:"
لەو دیدارەدا لەگەڵ کۆمەڵی دادگەری، جارێکی تر ئەو راستییەمان دوپاتکردەوە کە ئەو ساختەکاریی و دیزاینەی بۆ هەڵبژاردنەکانی ٢٠ ی ئۆکتۆبەر کراوە گوزارشتە لە شکستی حوکمڕانیی و ترسی حزبەکانی دەسەڵات لە سەنگی راستەقینەی خۆیان هەر بۆیە لە هەموو هەڵبژاردنێکدا و هەر جارە و بە مۆدێل و رێکارێک پەنا بۆ ساختەکردنی ئیرادەی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەبەن.