ڕوانگە - کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق 13 بڕیارى لەبارەى سکاڵاکانى بانگەشە و دەنگدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بڵاوکردەوە، کە تێیدا جوڵانەوەى نەوەى نوێی بە یەک ملیۆن و 500 هەزار دینار پێبژاردن سزا دراوە.
 
ئەنجوومەنى کۆمسیارانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق رۆژی چوارشەممە (6-11-2024) 13 بڕیارى لەبارەى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بڵاوکردەوە. 
 
بەگوێرەى یەکێک لە بڕیارەکان، جوڵانەوە نەوەى نوێ بە یەک ملیۆن دینار پێبژاردن سزادراوە بەهۆى پێشێلکردنى مادەى 13ـی رێکارەکانى بانگەشەى هەڵبژاردن. ئەو مادەیە تایبەتە بە دەستدرێژیکردن و رێگرى لە بانگەشەى هەڵبژاردى پارتێکى دیکە یان بەربژێران لە رێگەى دڕاندنى پۆستەر یان شێواندنى. 
 
بڕیارێکى دیکەى کۆمیسیۆن سزاى پێبژاردنى جوڵانەوەى نەوەى نوێ بووە بە 500 هەزار دینار بەهۆى پێشێلکردنى هەردوو مادەى 2 و 10ـی رێکارەکانى بانگەشەى هەڵبژاردن، ئەو دوو مادەیەش تایبەتن بە بانگەشەى پێشوەخت و ناوڕزاندن لەکاتى بانگەشەدا. 
 
11 بڕیارەکەى دیکەى ئەنجوومەنى کۆمیسیاران رەتکردنەوەى ژمارەیەک سکاڵا بووە، کە لەلایەن بەربژێران و لایەنە بەشداربووەکانى هەڵبژاردن پێشکێش کرابوون. 
 
بەگوێرەى ئەو بڕیارانە؛ 10 سکاڵایان لە سنوورى دهۆک بوون لە جۆرى سەوز و سەرجەمیان رەتکراونەتەوە.
 
سکاڵاى سەوز ئەو جۆرەن کە دژى کارمەندانى کۆمیسیۆن، بریکارى لایەنەکان، چاودێرانى هەڵبژاردن و هێزە ئەمنییەکانن، کە کاریگەرییان لەسەر ئەنجامى هەڵبژاردن نابێت، بەڵام رێکارى لێدەکەوێتەوە بەرامبەر بە سەرپێچیکارەکە.
 
دوو سکاڵاى دیکە کە رەتکراونەتەوە لەلایەن لیستى بەرەى تورکمانى پێشکێش کراون، سکاڵایەکى دیکەى رەتکراوەش لەلایەن رێگەپێدراوى پارتى دیموکراتى کوردستانەوە پێشکێشکراوە.
 
عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوى راگەیاند "سەرجەم ئەو سکاڵایانەى لەبارەى بانگەشەى هەڵبژاردن و دەنگدان پێشکێشکراون، بەر لە راگەیاندنى ئەنجامى کۆتایی یەکلاکراونەتەوە و تەنیا بڕیاردەرکردن و بڵاوکردنەوەیان ماوە."
  
18ـی تشرینى یەکەم دەنگدانى تایبەت و دوو رۆژ دواتر دەنگدانى گشتى بۆ هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان کرا. 21ـی تشرینى یەکەم ئەنجامى بەرایی و 30ـی هەمان مانگ ئەنجامى کۆتایی ئەو هەڵبژاردنە لەلایەن کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانەوە راگەیێندرا.
 
189 سکاڵا لەبارەى هەردوو دەنگدانى گشتى و تایبەت پێشکێشی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق کراون.
 
جگە لەو سکاڵایانە، 41 تانە دژى ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان تۆمارکراون؛ 25ـیان لە بازنەى سلێمانى بوون کە زۆرترین تانە بوون؛ ماوەی 17 رۆژ لەبەردەم کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکان و دەستەى دادوەریى هەڵبژاردنە بۆ یەکلاکردنەوەیان.