ڕوانگە - بەڕێز سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید، ئەمڕۆ پێنجشەممە 7-11-2024 لە میانی پێشوازی لە بەڕێز پاتریك دۆرێل باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق، پەیامێکی پیرۆزبایی بەبۆنەی رۆژی نیشتمانیی کۆماری عێراق، لە بەڕێز ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنساوە پێگەیشت.
لە نامەکەدا هاتوە؛
"بەڕێز سەرۆك کۆمار
بە شانازی و خۆشحاڵییەوە، بە ناوی خۆم و بەناوی فەرەنساوە، بەبۆنەی رۆژی نیشتمانیی کۆماری عێراقەوە پیرۆزبایی راستگۆیانە و گەرمی خۆم بە ئێوە و بە گەلی عێراق بگەیەنم.
لە دوایین دیدارمانەوە، پەیوەندییەکانی عێراق و فەرەنسا بەردەوام لە پێشکەوتندا بوە، دڵنیابن لەوەی بەردەوام دەبین لە پاڵپشتیکردنی ئاسایش و سەقامگیری و سەروەریی عێراق.
لە میانی سەردانەکەمدا، بەڕێز سەرۆك کۆمار ئەو رۆڵە گرنگەتان پشتڕاستکردەوە، کە عێراق لە ناوچەکەدا دەیگێڕێت لەکاتێکدا ئێمەش نیگەرانین سەبارەت بە فراوانبوونی بازنەی ململانێکان لە غەززە، کە بەرەو لوبنان پەرەیسەندوە و هەڕەشە لە ئاسایشی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیش دەکات.
هیوادارم عێراق بەردەوام بێت لەسەرخستنی دیالۆگی بنیادنەر لە ناوچەکەدا، لەم چوارچێوەیەشدا هیوادارم بتوانین پێكەوە کاربکەین بۆئەوەی بەزووترین کات کۆنفرانسی سێیەمی بەغداد رێکبخەین.
هیوای سەرکەوتن بۆ ئێوە و حکومەت و گەلی عێراق دەخوازم.
بەڕێز سەرۆك، رێز و پێزانینی زۆرمان بۆ بەڕێزتان دوپاتدەکەمەوە.
ئیمانوێل ماکرۆن".
لە میانەی دیدارەکەدا، کە لەکۆشکی بەغداد بەڕێوەچو، سەرۆك کۆمار سڵاو و پێزانینی خۆی بە باڵیۆزی فەرەنسادا بۆ سەرۆك ماکرۆن نارد، هەروەها هیوای پێشکەوتن و گەشەسەندنی زیاتری بۆ گەلی فەرەنسا خواست. جەختیشیکردەوە لە گرنگی پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لەگەڵ فەرەنسا و بەهێزکردنی هاریکاری هاوبەش لە بوارە جیاجیاکاندا.
لای خۆیەوە بەڕێز دۆرێل جەختیکردەوە لە پەرۆشی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی هاریکاری هاوبەش لەگەڵ عێراق، هەروەها بەردەوامبوون لە هەوڵەکانی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان، بەشێوەیەك کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو گەلی دۆست بکات.