ڕوانگە ـ سەنتەری چالاکی گەنجانی کەلار، بەهاوکاری زانکۆی گەرمیان یادی "ڕۆژی جیهانی زانست بۆ ئاشتی و گەشەپێدان" بەرز ڕادەگرن و لەو ڕۆژەدا چەندین چالاکی جۆراوجۆر پێشکەش دەکەن و بەڕێوەبەری سەنتەرەکەش ڕایدەگەیەنێت:" دەمانەوێت ئەم ڕۆژە بکەین بە قەڵغانێک بۆئەوەی گەنجان بتوانن پەرە بە زانست و لایەنە ڕۆشنبیریەکانی خۆیان بدەن.
سامان عادل محەمەد، بەڕێوەبەری سەنتەری چالاکی گەنجانی کەلار، بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند:" لە ئێستادا گەنجان بەزۆری ڕوویان لە میدیا و سۆشیال میدیا و خووە خراپەکان کردووە، بۆیە ئێمە بەگرنگی دەزانین ئەم یادە بکەینەوە و دەمانەوێت لەڕێگەی سەنتەرەکەمانەوە دووبارە هانی گەنجان بدەین بۆئەوەی ڕوو لە زانست و زانیاری بکەن بۆئەوەی دووربکەونەوە لە خووە خراپەکان.
سامان عادل محەمەد، وتیشی:" ئێمە سبەی یەکشەممە 2024/11/10 بەهاوکاری زانکۆی گەرمیان، ئەم یادە بەرز ڕادەگرین و چەندین چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام دەدەین لەوانە، چالاکی میوزیک ، شێوەکاری و هەروەها پێشکەشکردنی سیمینارێک سەبارەت بە گەشەپێدانی توانای گەنجان و گرنگی ڕۆڵی گەنجان لە کۆمەڵگادا و هەروەها ژمارەیەک چالاکی زانستی لە لایەن زانکۆی گەرمیانەوە پێشکەش دەکرێت.