ڕوانگە - لە وتوێژی لەگەڵ پەیامنێری، ڕوانگە لەبارەی ئاستەنگەکانی بەردەم پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، وتەبێژی ڕەوتی هەڵوێست، ڕایدەگەیەنێت:" کۆمەڵێک هۆکاری نێوخۆی و دەرەکی هەن کە وادەکات پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت لە کوردستان درێژە بکێشێت."
سەردار قادر، وتەبێژی ڕەوتی هەڵوێست، بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند:" دوای ئەم هەڵبژاردنە هیچ یەکێک لە هێزەسیاسیەکان نەیانتوانیوە 50+1 بەدەستبێنێت، کە ئەوە پێویستییەکی حەتمییە دەبێت هێزەسیاسیەکان لەنێوان خۆیاندا دانوستان دەست پێبکەن، وە ئەوەندی ئێمە خوێندنەوەمان بۆ بارودۆخەکە کردبێت ڕوونە کە هەوڵەکانیان بەوجۆرەیە هەرلایەک لەگەڵ ئەجندەی خۆیدا هەوڵبدات لەگەڵ ئەو لایەنانەی دیکەدا 50+1 پێکبێنن، بۆ من پێموایە پێکهێنانی حکومەت ئەمجارە کاتێکی زیاتری دەوێت، چونکە وەک دەوترێت ململانێیەکان دانوستانێکی ماراسۆنی دەوێت."
وتیشی:" خوێندنەوەی ئێمە بەوجۆرەیە کە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت درێژخایەن دەبێت، لەبەر هەندێک هۆکار لەوانە، هۆکاری ڕێکنەکەوتن لەگەڵ عێراقدا و هەروەها ئەوتەمومژی شەڕەی کە لە ناوچەکەدا هەیە و هەروەها ململانێکان تا ئاستێکی زۆربەرز ڕۆیشتووە و خاڵە هاوبەشەکان لە بانگەشەدا کاڵبووەتەوە، بۆیە ئەمەش وادەکات پێکهێنانی حکومەت کاتێکی زۆری بوێت و هەروەها پێدەچێت هەردولا لەگەڵ عێراقدا بەجیا دانوستان بکەن و ئێمە لەم نێوەندەدا تەنها داواکاریمان ئەوەیە کەهاوڵاتی بکرێتە سەنتەری پێکهێنانی حکومڕانی و کێشەکانی بودجە و مووچەی هاوڵاتیان و پرۆژە خزمەتگوزاریەکان بکرێتە سەنتەر، کە ئەمە تەنها هیوایەکە، چونکە ئێمە وەکو ڕەوتی هەڵوێست بڕیارمانداوە بەشداری هیچ کابینەیەکی حکومەت نەکەین لەگەڵ یەکێتی و پارتی ."
لەبارەی ڕۆڵ و کاریگەریەکانی وڵاتانی ئیقلیمی لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، سەردار قادر، وتەبێژی ڕەوتی هەڵوێست، ڕونیکردەوە:" بەرژەوەندی هاوبەش لە هەمولایەکەوە هەیە، بەڵام دەبێت ئەوەش بزانین ئەو حکومەتانەی کە لە ناوچەکەدان ئەوەندە لەناو خودی خۆیاندا بەهایەکی دیموکراسی و ۆشگوزەرانیان بۆ هاوڵاتیانی خۆیان و ئەوسنورانەی کە بەدەستیانەوەیە بەدییان نەهێناوە و خۆیان خاوەنی کۆمەڵێک ململانێ و گرفتن، کە ناتوانن بێن بەهەشتێک بۆ هەرێمی کوردستان دروستبکەن."