ڕوانگە - ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠٢٤/١١/١٠، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن بەشێوەیەکی مەیدانی پڕۆژەی دروستکردن و قیرتاوکردنی رێگای دوسایدی (کەلارـ دەربەندیخان)ی بەسەرکردەوە.
وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن رایگەیاند:" مایەی خۆشحاڵیە پڕۆژەکە قۆناغی گرنگی بڕیوەو بەپێی ستاندارد و رەوشە ئەندازیارییەکانی دیاریکرابو جێبەجێکراوەو رێژەی ئەنجامدراو گەیشتوەتە ٩٢٪ ، هەروها مژدەی بەهاونیشتیمانیان و خەڵکی سنورەکەدا، تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ پڕۆژەکە بەرێژەی ٩٩٪ تەواو دەکرێت و دواتر دەچێتە خزمەتی هاوڵاتیان.
لە سەردانەکەدا، قائیمقامی دەربەندیخان و ژمارەیەک لە راوێژکار و بەڕێوەبەرە گشتیەکانی سەر بە وەزارەت و بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەکانی وەزارەت لە سلێمانی و گەرمیان و سەرپەرشتیار و تیمە ئەندازیارییەکان ئامادەی بون.
پڕۆژەکە، یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن و درێژییەکەی ٤١ کیلۆمەترە، لەنێو پڕۆژەکەدا ٣٥ پردی تێدایە کە درێژییەکەیان بە چون و هاتن دەگاتە پێنج کیلۆمەترو زۆرینەیان تەواو کراون، ھاوکات پردی ئاوە خێری کە گەورەترین پردە لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان دەکەوێتە نێو پڕۆژەکەوە.
پرۆژەکە لەرابردودا تەنھا لە ١٥٪ی تەواو کرابو، بەڵام لە ماوەی دەستبەکاربونی کابینەی نۆیەم و لەئێستادا رێژەی ئەنجامدراو گەیشتوەتە زیاتر لە ٩٢٪، ھەر لە سۆنگەی خەمخۆری بۆ تەواوکردنی ئەم پڕۆژەیەو پڕۆژەکانی دیکەی وەزارەت، لەماوەی تەمەنی ئەم کابینەیەدا وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن زیاتر لە دە جار بەشێوەی مەیدانی سەردانی سنورەکەی کردوەو بەدواداچونی بۆ جێبەجێ کردنی پڕۆژەکان کردوە.