ڕوانگە - وەزارەتی ناوخۆی عێراق وەڵامی داواکارییەکی سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان دەداتەوە بۆ دواخستنی سەرژمێری دانیشتوانی ناوچە جێ ناکۆکەکان بۆ کاتێکی دواتر، ئەو داوایە ڕەتدەکاتەوە.

میقداد میری وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" لیژنەی باڵای ئەمنی سەرژمێری گشتی دانیشتووان، پلانێکی تایبەتی بۆ پرۆسەی سەرژمێری لە ڕۆژانی ٢٠ و ٢١ی ئەم مانگە لە پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان ئامادە کردووە". 

وتیشی" هیچ دواخستنێک یان هیچ گۆڕانکارییەک سەبارەت بە سەرژمێری دانیشتوان نییە، بەو پێیەی داتاکانی ئێستا پێویستیان بەوە نییە". 

میری دووپاتیکردەوە کە هەماهەنگییەکی ئاست بەرز لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە لە ڕێگەی ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشەوە. 

ئاماژەی بەوەشکرد، قەدەغەی هاتووچۆ هەموو پارێزگاکان دەگرێتەوە بە هەرێمی کوردستانیشەوە. 

لای خۆیەوە زیا کازم سەرۆکی ژووری ئۆپراسیۆنی سەرژمێری، لە میانی کۆنفرانسەکەدا وتی" میکانیزمی سەرژمێری لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە لە دوایین دانیشتنی خۆیدا داڕێژرا کە تێیدا سەرجەم پێکهاتەکانی ناوچە کێشە لەسەرەکان دەخرێنە ناو سەرژمێرییەوە". 

کازم جەختی لەوەشکردەوە، بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران کاریگەرە و هەمووان دەگرێتەوە، و هیچ دواخستنێک بۆ هیچ هەرێمێک نییە. 

ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ یەکشەممە فەهمی بورهان سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان، داوای لە حکومەتی فیدراڵ کرد ئەنجامدانی سەرژمێری دانیشتوان بۆ وادەیەکی دیکە دوابخات. 

ئاماژەی بەوەشکرد، پرسی ناوچە کێشە لەسەرەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، کە مادەی ١٤٠ی دەستووری عێراق دەیانگرێتەوە، تا ئێستا چارەسەر نەکراون.