ڕوانگە - هەر هاوڵاتییەک لە سەرژمێریدا تۆمارنەکرێت مافی ڕەگەزنامەی لێوەرناگیرێتەوە، ئەو کەسانەشی زانیاری ناڕاست دەدەن بە تیمەکانی سەرژمێری لەڕویی یاساییەوە ڕوبەڕوی زیندانیکردن پێبژاردن دەبنەوە. 

هاوڕێ تۆفیق شارەزای هەڵبژاردن لە لاپەڕەی فەرمی خۆی نوسیوێتی ، بەپێی یاسای دەستەی ئامار ژمارە ٣٢ی ساڵی ٢٠٢٣ لە ماددەی ١٢ی بڕگەی یەکەم، سەرجەم عێراقییەکان پابەندکراون بە خۆتۆمارکردن و دەبێت هاوڵاتییانی نیشتەجێی دەرەوەی وڵاتیش خۆیان لە سەرژمێری تۆماربکەن، ئەگەر نا ڕوبەڕوی سزای یاسایی دەبنەوە. 

بە گوێرەی یاساکە ئەو کەسانەی کە پابەند نابن خۆیان تۆمار ناکەن، سزای زیندانیکردن و پێبژاردن دەدرێن، بەجۆرێک ماوەی زیندانییەکە لە سێ ساڵ زیاتر نەبێت و بڕی سزای ماددیش لە سێ ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆن دیناریش زیاتر نەبێت.

ئاماژەی بەوەشداوە یەکێکی دیکە لەو مامەڵانەی سزای لەسەرە، پێدانی زانیاریی ناڕاستە و هەر کەسێک بە مەبەست زانیاریی ناڕاست بداتە تینەکانی سەرژمێری، بەگوێرەی یاساکە، ئەو کەسە زیندانی دەکرێت بەشیوەیەک کە ماوەکەی لە حەوت ساڵ زیاتر نابێت، سزای داراییەکەشی لە پێنج ملیۆن دینار بۆ ١٠ ملیۆن دینار دەبێت.

بەگوێرەی یاساکە ئەو کەسانەی خۆیان تۆمار ناکەن لە پڕۆسەی سەرژمێریدا جگە لە سزادانی یاسایی ڕەگەزنامەی وڵاتەکەیان لێوەرناگیریتەوە.